ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان كشاوه‌ته‌وه!؟
"نزیكه‌ی 5 هه‌زار زیندانی هێزه‌كانی تاڵیبانیان له بنكه‌ی باگرام به‌جێهێشتووه"
K24 – مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:
سه‌ركردایه‌تی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، رۆژی (8ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2021) به ته‌واوی ئاشكرای كرد كه 90%ی هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان كشاندووه‌ته‌وه.
ئه‌م هه‌واڵه دوای چه‌ند رۆژێك دێت له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناكاو و دره‌نگوه‌ختی (3ی شه‌وی 2 ته‌مموز) له بنكه‌ی سه‌ربازی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باگرام-ی ئاسمانی كه نزیكه‌ی دوو ده‌یه‌یه شوێنی خزمه‌تی سه‌ربازیی و جه‌نگی سه‌نته‌ری جه‌نگاوه‌رانی ئه‌مه‌ریكایه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی تاڵیبان له ده‌سه‌ڵات و له‌ناوبردنی هێزه‌كانی ئه‌لقاعیده كه تۆمه‌تباره به كوشتنی هه‌زاران هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكایی له 11ی سێپتێمبه‌ری 2001.
جۆن كێربی، سكرتێری رۆژنامه‌وانی پێنتاگۆن به‌رگری له هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی بایدن ده‌كات سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی دواهه‌مین سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له باگرام، به‌ڵام ئه‌م جێبه‌جێكردنه بووه‌ته هۆی سوپرایزێك بۆ سه‌ركرده ئه‌فغانییه‌كان و بۆشاییه‌كی ئه‌منی دروستده‌كات كه رێگه بدات به هاتنه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ی هاوپه‌یمان و نزیك له بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان.
جه‌نه‌رال میر ئه‌سه‌دوڵڵا كوهستانی به‌رپرسی هێزه‌كانی ئه‌فغانستان له ناوچه‌كه به بی بی سی-ی وتووه كه دوو كاتژمێر دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان رۆیشتوون ئه‌وكات زانیویانه كه بنكه‌كه چۆڵكراوه.
گوتیشی: "سه‌ره‌تا ته‌زووی كاره‌بای ناوچه‌كه‌یان بڕیوه، دواتر ته‌واوی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیان گواستووه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها بنكه‌ی باگرام زیندانێكی گه‌وره‌ی تێدایه، بۆیه وتی: "نزیكه‌ی 5 هه‌زار زیندانی هێزه‌كانی تاڵیبانیان له بنكه‌كه‌دا جێهێشتووه".
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی بی بی سی، دوای جێهێشتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو جوڵه‌یان كردووه له ناوچه‌كه. له‌و رووه‌وه كوهستانی ده‌ڵێت: "پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا هێزه‌كانی تاڵیبان هێرش بكه‌نه سه‌ر شاری باگرام".
هه‌روه‌ها له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیشدا، رۆژی دواتر وتی: "ئێمه ده‌زانین هێزه‌كانمان هه‌رگیز توانایان وه‌ك توانای هێزی ئه‌مه‌ریكی نییه و به‌راورد ناكرێت، به‌ڵام به هه‌موو توانایه‌ك به‌رگری له ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌كه‌ین".
"دوای دوو كاتژمێر پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه بڵاوبوه‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه، به‌ڵام كاتژمێر 7ی به‌یانی، دوای دڵنیابوون له چۆڵبوونی بنكه‌كه ئه‌وكات چوینه ناو بنكه‌ی باگرام" ئه‌و وه‌های گوت به رۆژنامه‌نووسان.
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان له‌كاتێكدایه كه هه‌فته‌ی پێشوو سه‌رۆك جۆو بایدن له لێدوانێكیدا ئاشكرای كرد كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كۆتایی مانگی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) ده‌كشێنه‌وه.
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان به‌شێكی گه‌وره‌ی پلانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بوو. جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه وابه‌سته بوو به سه‌ركه‌وتنی رێكه‌وتنی نێوان بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و ئه‌مه‌ریكا به سه‌ركردایه‌تی زاڵمای خه‌لیل زاد نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت پێناچێت رێكه‌وتنه‌كه هیچ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیبێت.
به‌رپرسێكی باڵا كه چاودێرییه‌كی وردی كشانه‌وه‌كه ده‌كات له پێنتاگۆن به رۆژنامه‌ی پۆلیتیكۆ-ی وتووه: "كشانه‌وه كۆتایی هاتووه بۆ هه‌موو نیه‌ت و مه‌به‌ستێك كه ته‌نیا لای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكییه". "كاره‌كه كۆتایی هات".
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كیش كه به سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاندووه له ئێستادا نزیكه‌ی 600 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له ئه‌فغانستان ماون كه زۆربه‌یان له هێزی پیاده‌ی ده‌ریایی و یه‌كه‌كانی سوپا-ن كه ئه‌ركیان پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له كابوولی پایته‌خت.
هه‌رچی به‌رپرسێكی ئه‌منییه له كۆشكی سپی كه ئاگای له گفتوگۆكانی ئه‌و كشانه‌وه‌یه به سی ئێن ئێن -ی وتووه كه ئه‌و 600 سه‌ربازه له فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌مید كارزای نێوده‌وڵه‌تی جێگیرده‌كرێت.
مانگی پێشووش ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، كه ده‌شێت ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی هێزه‌كانی بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌فغانستان له‌دوای ئه‌وه‌ی كه به‌ره‌سمیش باسی له كشانه‌وه كردبێت.
باگرام له مێژه ره‌مزی هێزه‌كانی خۆرئاوا و ناتۆیه بۆ پشتیوانی حكومه‌تی ئه‌فغانستان. به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی ئه‌فغانستان به ئاژانسی رۆیته‌رزی وتووه: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ته‌واوی چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بنكه‌ی باگرام و هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دایه، هه‌ر له بورجی چاودێریی و جوڵه‌ی ئاسمانی و نه‌خۆشخانه‌كه".
فڕۆكه‌خانه‌ی باگرام له‌ساڵی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشووه‌وه دروستكراوه. سوپای سووری سۆڤیه‌ت وه‌ك بنكه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له هه‌شتاكان به‌كاریان هێنا كاتێك كه ئه‌فغانستانیان داگیركرد. به‌ڵام ساڵی 1990 هێزه‌كانی تاڵیبان وه‌ك هێزێكی شه‌ڕكه‌ر دژی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت كۆنترۆڵی بنكه‌كه‌یان كرد. تا ساڵی 2001 كاتێك ئه‌مه‌ریكا ئه‌فغانستانی له‌چنگی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و ئه‌لقاعیده رزگاركرد بنكه‌كه وه‌ك بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌كارهێنرا.
حكومه‌تی ئه‌فغانستان ته‌واو له دۆخێكی ناجێگیردایه، لایه‌نی ئاینی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان دۆخی وڵاته‌كه‌ی به ئاراسته‌یه‌ك برد كه نه‌یانتوانی ببنه هاوپه‌یمانێكی باشی ئه‌مه‌ریكا. جه‌نه‌راڵێكی ئه‌مه‌ریكی به رۆیته‌رز-ی وتووه: "به‌شێكی زۆری ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرایه سه‌رمان له رێگه‌ی هه‌واڵگری خه‌ڵكی ئه‌فغانه‌وه بووه كه زانیاری‌یان ده‌دا به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان تا هێرش بكه‌نه سه‌رمان".
ته‌نانه‌ت له ئێستادا جوڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌شێكه له‌و رێخۆشكردنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه. له‌كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان توانی كۆنترۆڵی هه‌ردوو كه‌رتی به‌ده‌خشان و قه‌نده‌هار بكات، ئه‌مه‌ش وایكرد كه هێزه‌كانی حكومه‌تی ئه‌فغانستان هه‌ڵبێن به‌ره‌و سنووری تاجیكستان.
هه‌روه‌ها هێزه‌كانی تاڵیبان هه‌فته‌ی پێشوو هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر شاری غه‌زنه له ناوه‌ڕاستی ئه‌فغانستان كه له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه و كابووڵی پایته‌خت به هه‌رێمی قه‌نده‌هاری باكور ده‌به‌ستێته‌وه.
به‌پێی سه‌نته‌ری به‌رگری له دیموكراتییه‌ت (FDD) له ماوه‌ی 6 رۆژی رابردوودا هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان 10%ی خاكی ئه‌فغانستانیان كۆنترۆڵكردووه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا جۆن كیربی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، كشانه‌وه به‌رده‌وامه و هه‌ندێك هێز ده‌هێڵرێته‌وه بۆ پشتیوانی سه‌ربازی حكومه‌تی ئه‌فغانستان.
وتیشی: "هه‌ربۆیه گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كان به هامه‌نگی له نێوان جه‌نه‌راڵ سكۆت میله‌ر به‌رپرسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و جه‌نه‌راڵ فرانك ماكنزی-یه كه به‌رپرسی سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا". به‌ڵام به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی به سی ئێن ئێن-ی وتووه: "مانه‌وه‌ی میله‌ر له ئه‌فغانستان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی هێزه‌كانی ئه‌فغانستانه".
سكۆت میله‌ر له لێدوانێكدا بۆ سی ئێن ئێن كه ئێستا له پشووی ره‌سمیدایه له ئه‌مه‌ریكا و به‌نیازه له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌فغانستان، وتی: "دۆخی ئه‌منی ئه‌فغانستان باش نییه، پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌كانی تاڵیبان جێگه‌ی نیگه‌رانییه و دوور نییه جه‌نگی ناوخۆ له ئه‌فغانستان هه‌ڵگیرسێت".