رووسیا.. تووشبوون بە کۆرۆنا ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد
له ماوه‌ی 5 هه‌فته‌ی رابردوودا زۆرترین ژماره‌ی تووشبووان تۆماركراون
K24 - هه‌ولێر:
رووسیای فێدراڵ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چووە ریزبەندی چوارەم لەسەر ئاستی جیھان، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رووسیادا گەیشتە 5 ملیۆن و 833 هه‌زار و 175 تووشبوو و لەسەر ئاستی جیھان ریزبەندی چوارەمی گرتووه.
لە ریزبەندی سێیەم وڵاتی بەرزایل دێت کە 19 ملیۆن و 89 هه‌زار و 940 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. لە ریزبەندی دووەم ھیندستان دێت، کە تا ئێستا 30 ملیۆن و 907 هه‌زار و 282 کەس تووشبوونی په‌تاكه بوون.
ئەمه‌ریکاش تا ئێستا هه‌ر لە ریزبەندی یەکەمدایە، كه 33 ملیۆن و 518 هه‌زار و 946 كه‌س تووشی کۆرۆنا بوون.
ماوەی زیاتر لە 5 ھەفتەیە رۆژانە لە رووسیا رێژەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێك بەرپرسانی روسیا دەڵێن: شەپۆڵی سێیەمی کۆرۆنا بۆ وڵاتەکەیان شەپۆلێکی زۆر کوشندەیە، ھاوکات ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەیان، کە بە زووترین کات ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
له ماوه‌ی 24 کاتژمێری رابردووش‌دا له رووسیا 24 هه‌زار و 702 تووشبوونی نێ تۆماركراوه و 780 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه، سه‌رجه‌می رێژه‌ی گیانیانله‌ده‌ستانیش به كۆرۆنا گه‌یشته 144 هه‌زار و 492 كه‌س.