ته‌نیا ئه‌مڕۆ پێنج گه‌نج له هه‌رێمی كوردستان له ئاوی رووباره‌كاندا خنكان
ته‌مه‌نیان له نێوان 18 بۆ 31 ساڵیدا بوو و دوو له گه‌نجه خنكاوه‌كان بران
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ پێنج گه‌نج له رووداوی جیاوازدا له شوێنه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ئاوی رووباره‌كاندا خنكان، كه ته‌مه‌نیان له نێوان 18 بۆ 32 ساڵیدا بوون و دوو له خنكاوه‌كان برا بوون.
گۆران ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی كۆیه رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ دوو برا له‌سه‌ر زێی بچوك لە گوندى کانی بی دەشتی کۆیە، له‌كاتی مه‌له‌كردن و به‌هۆی نه‌شاره‌زاییانه‌وه له‌ئاوه‌كه خنكان".
ئاشکراشیکرد، دوو براکە ناویان (ئەحمەد و محەمەد)ـه و تەمەنیان 18 ساڵ و 20 ساڵانه و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی كانی كورده‌ی ناحیه‌ی ئاشتیی قەزای کۆیەن، تیمی مه‌له‌وانانی به‌رگری شارستانی كۆیه سه‌رقاڵی گه‌ڕانن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و دوو برایه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ بەیار محیەدین، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران، بەکوردستان24ی راگەیاند، کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، گەشتیارێك لە رووباری (خەلان بیاو) لەسنووری خەلیفان، بەناوی رەوەند نەجات، لەدایكبووی ساڵی 1989، دانیشتووی هەولێر، لەکاتی مەلەکردندا، خنکا.
راشیگەیاند، ئەو گەشتیارە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، لەگەڵ منداڵەکانی لەنێو رووباردا مەلەی کردووە و لەکاتی هەستکردنی بەمەترسی، منداڵەکانی دوورخستووهتەوە، بەڵام خۆی خنکاوە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران، روونیشیکردەوە، هاوکات کاتژمێر شەشی ئێوارە، گەنجێکی دیکە، بەناوی مەروان ساڵح دێوانە، دانیشتووی شارەدێی خەلیفان، لەگەڵ هاوڕێکانی چوونه‌تە دەڤەری بارزان و لەڕووباری چامە، مەلەیان کردووە، بەهۆی نەزانینی مەلە خنکاوە.
ئاماژەی به‌وه‌ش كرد، ئەو گەنجە تەمەنی 23 ساڵه و دوای هێنانە دەرەوەی لەنێو رووبار، لەلایەن هاووڵاتیان و کارمەندانی بەرگری شارشتانی شێروان مەزن، تەرمەکەی گەیه‌ندراوه‌ته نەخۆشخانەی مێرگەسۆر و دوواتریش بۆ پزیشکی دادی سۆران ره‌وانه كراوه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له رووداوێكی دیكه‌دا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ به‌ناوی بڕوا لوقمان، له سنووری قه‌زای خه‌بات له زێی گه‌وره خنكا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئه‌و گه‌نجه دانیشتووی ناحیه‌ی رزگاریی سه‌ر به قه‌زای خه‌باته و بۆ مه‌له‌كردن چووبووە سەر زێ.
جێگای ئاماژه‌یه، ساڵانه له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما، ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجان له ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی مه‌له‌كردن روو له ئاوی رووباره‌كان ده‌كه‌ن و به‌هۆی ناشاره‌زایی به‌شێك له‌و گه‌نجانه، ساڵانه ده‌یان كه‌س له ئاودا ده‌خنكێن.
H.B