لەبارەی شەڕی فەللوجەوە ھۆشداری دەدرێت

"لە ناو سەنتەری فەللوجە شەڕی سەخت روودەدات"

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەکی سەربازی ئەمریکا ھۆشداری دەدات بەوەی کە ئەگەری زۆر هەیە ھێزە عێراقییەکان لە نێو سەنتەری شارۆچکەی فەللوجە رووبەڕووی شەڕێکی سەخت ببنەوە.

جنڕاڵ شۆن ماکفاڵن، فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی فەللوجە رەنگە کاتی زیاتر بخایەنێت لەوەی پێشبینی دەکرا و ئاشکراشی کرد کە ھێزە عێراقییەکان تا ئێستا رووبەڕووی شەڕی وەك فەللوجە نەبوونەتەوە، لەبەر ئەوەی فەللوجە یەکێکە لە بنکە سەرەکی و بەھێزەکانی داعش".

ھەروەھا ئەو جنڕاڵە ئەمریکییە ئەوەی خستەڕوو: "سەربازەکانی ئەمریکا تەنیا رۆڵی راوێژکار دەبینن لەگەڵ سەربازانی عێراق و بەھیچ شێوەیەك بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ناکەن".

لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی فەللوجەوە، بەرپرسانی باڵای حکوومەت و سوپای عێراق ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ھێزە عێراقییەکان بەخێرا پێشڕەوی دەکەن و کۆنتڕۆڵکرنەوەی تەواوی ئەو شارەش ئەوەندەی نەماوە.

شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.