زۆرترین تووشبووی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرا
وه‌زیری ته‌ندروستی: له 24 كاتژمێری رابردوودا 3 هه‌زار و 559 تووشبووی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراوه
K24 - هه‌ولێر:
سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شاری دهۆك له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ره‌وشی كۆرۆنا به‌ره‌و ئاستی ره‌نگی نارنجی رۆیشتووه و له 24 كاتژمێری رابردوودا 3 هه‌زار و 559 تووشبووی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراوه و 13 تووشبووی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، زۆرترین ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆناش له شاری دهۆكه، كه له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا هه‌زار و 564 تووشبووی كۆرۆنا تۆمار كراوه.
ئاشكراشی كرد، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پلانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ی له پارێزگای دهۆك داناوه و نه‌خۆشخانه‌ی دیكه‌ی تایبه‌ت به كۆرۆنا ده‌كرێته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆكیش هه‌نگاوی باشی ناوه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاری دهۆك.
سامان به‌رزنجی داوای له هاووڵاتیان كرد به زووترین كات خۆیان به ڤاكسینی كۆرۆنا بكوتن و رووینكردنهوه، رۆژانی شه‌ممه بۆ فه‌رمانبه‌ران دیاریكراوه تا خۆیان به ڤاكسینی كۆرۆنا بكوتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رۆژانی سێشه‌ممه‌ش بۆ مامۆستایان دیاریكراوه.