عەبادی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان باسی قەیرانی دارایی و چاكسازی دەكەن
"فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتگیرییان خۆیان بۆ چاکسازییەکانی عەبادی راگەیاند"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ حەیدەرعەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبوونەوە و شەڕی فەللوجە و قەیرانی داراییان تاوتوێكرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق، لە کۆبوونەوەی نێوان عەبادی و سەرۆکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، شەڕی فەللوجە و قەیرانی دارایی و چاکسازییەکانی حکوومەتی بەغدا باسییان لێوەکراوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پاراستنی دۆخی ئەمنی دامودەزگاکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە.
لای خۆشیانەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتگیرییان خۆیان بۆ چاکسازییەکانی عەبادی راگەیاند.
دوای ئەوەی لە 30ی نیسانی 2016، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بەھۆی ئاڵۆزییەكانی عێراق كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیان ھەڵپەسارد و گەڕانەوە ھەرێمی كوردستان دوێنێ گەڕانەوە بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بكەن.