سەرۆكی پێشووی سوپای توركیا: سیاسەتی ھەڵەی توركیا یەپەگەی كردە ھاوپەیمانی ئەمریكا

"لە عێراقیش ھەمان شتمان كرد پێشمەرگە بووە ھاوپەیمانی ئەمریكا"

K24 – ھەولێر

سەرۆكی فەرماندەی پێشووی سوپای توركیا رەخنە لە سیاسەتی وڵاتەكەی دەگرێت و دەڵێ سیاسەتی ھەڵەی توركیا یەپەگەی كردە ھاوپەیمانی ئەمریكا، لە عێراقیش ھەمان شتمان كرد، چۆن لەوێ پێشمەرگە بووە ھاوپەیمانی ئەمریكا، یەپەگەش لە سووریا بە ھەمان دۆخدا تێپەڕێت.

لە میانی بەشداریكردنی چالاكیەك لە شاری ئیزمیر ئیلكەر باشبووخ، سەرۆكی فەرماندەی پێشووی سوپای توركیا رەخنەی لە سیاسەتی توركیا گرت لە بەرامبەر سووریا و گوتی: "سیاسەتە ھەڵەكانی توركیا وایكرد یەپەگە ببێتە ھاوپەیمانی ئەمریكا".

گوتیشی: "پێویستە توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا و عێراق و رووسیا ئاسایی بكاتەوە، بەھۆی ئەو جۆرەی سیاسەتی توركیا یەپەگە بووەتە ھاوپەیمانی ئەمریكا، ئاخۆ سبەی رەققە لە دەست داعش دەربھێندرێت دۆخەكە چۆن دەبێت؟ یەپەگە چووەتە رۆژئاوای فورات یان نا؟".

ئەوەشی خستەروو: "ئێمە لە عێراقیش ھەمان شتمان كرد، چۆن لەوێ پێشمەرگە بووە ھاوپەیمانی ئەمریكا، یەپەگەش لە سووریا بە ھەمان دۆخدا تێپەڕێ و ئێستا ھاوپەیمانی ئەمریكایە".