"کوردستان لە ئهمهریكا" به یەکێک لە 20 باشترین پۆدکاستەکان بۆ ساڵی 2021 دهستنیشانکرا
گۆڤاری وێڵپ پۆدکاستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئهمهریكا بە یەکێک لە 20 باشترین و کاریگەرترین پۆدکاستەکانی بۆ ساڵی 2021 دەستنیشانکرد
K24 – ههولێر:
"کوردستان لە ئهمهریكا" پۆدکاستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئهمهریكا وەک یەکێک لە 20 باشترین پۆدکاستەکان بۆ ساڵی 2021 دهستنیشانکرا.
گۆڤاری وێڵپ پۆدکاستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئهمهریكا بە یەکێک لە 20 باشترین و کاریگەرترین پۆدکاستەکانی بۆ ساڵی 2021 دەستنیشانکرد.
"کوردستان لە ئهمهریكا" پۆدکاستی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا و ئۆفیسی لە واشنتنە. ئەو بابەتانەی بڵاویان دەکاتەوە زیاتر باس لە پەیوەندی دەوڵەمەندی نێوان هەردوو حکومەت و خەڵکی کوردستان و ئهمهریكایە.
دلۆڤان بەرواری پێشکەشکار، نووسەر و پرۆدیوسەری پۆدکاستی "کوردستان لە ئهمهریكا" بە کوردستان24ی رایگەیاند، "ئێمە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمهریکی، لە بواری سەربازی، رێکخراوە ناحکومییەکان و کەسانی پرۆفیشناڵ کە لە کوردستان کاریانکردووە ئەنجامداوە، هەروەها ئەو کوردانەی لە ئهمهریكان و ئەو کەسانەشی بەهەر شێوەیەک بێت پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبووە."
بەرواری، لە هەمانکاتدا بەڕێوبەری کاروباری گشتی و مرۆییە لە ئۆفیسی واشنتن، باس لەوە دەکات، وەرگرەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی دانیشتوانی ئهمهریكای باکوورن کە گرنگی بە هەرێمی کوردستان و بەگشتی کوردستانی گەورە دەدەن، هەروەها ئەو کوردانەشن لە تاراوگە دەژین.
پۆدکاستەکە لە چەند پلاتفۆرمێکی جیاوازدا بەردەستە، بەوهۆیەوە گوێگرێکی زۆری لە هەموو جیهان لەخۆی کۆکردووەتەوە. بەگوێرەی راپرسی و هەڵسەنگاندنی چەند ئاژانسێکی جیهانی، لە کانوونی یەکەمی 2020 پۆدکاستی "کوردستان لە ئهمهریكا" بەهۆی زۆر ژمارەی گوێگرەکانی و بەربڵاوییەوە لە سوید پلەی 16و لە ئەڵمانیا پلەی 24 و لە روسیا 26 و لە کەنەدا 68 و لە تورکیاش پلەی 13هەمینی بەدەست هێناوە.
بەرواری ئاماژەبەوە دەکات: "گوێگرەکانمان لە ئهمهریكا بەردەوام لە زیادبووندان. بەهۆی پەیوەندی بەردەوامیان و شرۆڤەکانیان. زۆرێک لە گوێگرەکانیان لە واشنتن دی سین کە لەناویاندا بەرپرسان، ئەکادیمی، بیرمەند و لێکۆڵەرەکانیش هەن."
بەرواری ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، پۆدکاستی "کوردستان لە ئهمهریكا" تاکە پۆدکاستی فەرمییە لە تەواوی دامەزراوە و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، بەیان سامی عەبدورەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەو پۆدکاستەوە باسی لەو بابەتانە کرد، کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئهمهریكا لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەیان گفتوگۆی لەسەر دەکەن، لەناویشیاندا بڕیاری کۆتایهێنان بە ئەرکی هێزە شەرکەرەکانی ئهمهریكا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2021.
وەرگێڕان: نەریمان هەورامی