ئاگره‌كه‌ی توركیا ده‌یان ساڵ ژینگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی گه‌ڕانده‌وه دواوه
ئاگره‌كه ژینگه‌ی 39 شاری سووتاندووه و هه‌زاران كه‌س به‌هۆی ئه‌و رووداوه بێ ماڵ و حاڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و چۆلهوانییهكان كه‌وتوون

K24- ئه‌نتالیا:
ئه‌و ئاگره‌ی له 28ی مانگی رابردووه‌وه له دارستانه‌كانی وڵاتی توركیا به‌ربووه و به‌هۆیه‌وه تا ئێستا رووبه‌رێكی زۆر فراوان له 39 شاری ئه‌و وڵاته‌ی سووتاوه، تائێستاش به‌رده‌وامه و نه‌توانراوه كۆنترۆڵ بكرێت. به‌گوته‌ی چاودێرانیش، ئه‌و ئاگره ژینگه‌ی توركیای ده‌یان ساڵ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه دواوه.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا ته‌نیا له شاری ئه‌نتالیا ژینگه‌ی 48 گوند به‌ته‌واوی سووتاوه و زیانی زۆر به گوندنشینان كه‌وتووه و دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه به‌هۆی مه‌ترسی ئاگره‌كه ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه و داوای به‌هاناوه‌چوون ده‌كه‌ن.
مسته‌فا بۆسقور یه‌كێك له‌و هاووڵاتییانه‌یه و له‌ڕێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه گله‌یی ئه‌وه ده‌كات، كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌كاتی خۆیدا به‌هانای ئاگره‌كه‌وه نه‌چوون و گوتی: له چه‌ند شوێنێك له یه‌ك كاتدا ئاگر له ناوچه‌كه‌یان كه‌وته‌وه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش له‌كاتی گونجاو‌دا به‌هانایانه‌وه نه‌چوون، بۆیه هاووڵاتییان لای خۆیانه‌وه هه‌وڵیاندا ئاگره‌كه بكوژێننه‌وه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێسوود بوون، ئێستاش دوای له‌ده‌ستده‌رچوونی ئاگره‌كه، كار له‌كار ترازاوه و كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه ئه‌سته‌م بووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه خه‌ڵكی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه و له‌سه‌ر رێگا و شه‌قامه‌كان ده‌مێننه‌وه.
دوای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاگره‌كه و بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌ی به رووبه‌رێكی زۆر فراواندا، 16 فڕۆكه‌ی تایبه‌ت و 55 هێلیكۆپته‌ر له هه‌ڵمه‌تی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دا به‌كارده‌هێنرێن و زیاتر له 6 هه‌زار و 500 كه‌سیش له تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه له‌سه‌ر زه‌وی له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا به‌شدارن، وێڕای بهشادریكردنێكی فراوانی هاووڵاتییان له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵكردنی با تادێت كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه سه‌ختتر ده‌بێت.
لای خۆشیه‌وه مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندووه، هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت له كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ئاگره یارمه‌تی توركیا بدات، ئه‌وان رازین.
H.B