رێبوار بابكه‌یی: پێویسته حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی درووستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بدات بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه
ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی به ده‌ستی تورك شه‌هید ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌ی په‌كه‌كه‌یه

K24 – هه‌ولێر:
رێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، وڵاتانی زلهێز و بیانی ده‌توانن له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كدا رووبه‌ڕووی په‌كه‌كه و ده‌ستوه‌ردانی توركیا ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر عێراق داوایان لێبكات. گوتیشی: په‌كه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كی گێچه‌ڵكارییه‌كانه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هێزه كه خۆی به كورد ده‌زانێت كار بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی بێژه‌ری كوردستان 24، فه‌رهاد ره‌سووڵ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان باسی له ته‌نگژه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان و په‌لاماره‌كانی په‌كه‌كه و له‌شكركێشی سوپای توركیا كرد.
ئه‌م قسانه‌ی رێبوار بابكه‌یی دوای ئه‌وه دێن، ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی به‌دواداچوونی راستییه‌كانی سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راپۆرتێكی له باره‌ی ته‌نگژه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نه‌كه كرد.
توركیا 70 بنكه‌ی سه‌ربازی داده‌مه‌زرێنێت
له راپۆرته‌كه‌دا، كه كوردستان 24 ده‌قه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، هاتووه: "هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه ئه‌منییه‌كان له ناو سنووری عێراق و به تایبه‌ت له سنووری هه‌رێمی كوردستان بوونی به‌رده‌وامی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و سوپای توركیایه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "پێشبینی ده‌كرێت توركیا بنكه سه‌ربازییه‌كانی له ناو خاكی عێراق بگه‌یه‌نێته 70 بنكه‌ی سه‌ربازی و ژماره‌ی سه‌ربازانی هه‌ندێك له‌و بنكانه نزیك ده‌بێته‌وه له 1500 سه‌رباز".

"په‌كه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانه"
سه‌باره‌ت به ورده‌كاری ئه‌و راپۆرته و لێكه‌وته‌كانی رێبوار بابكه‌یی باسی له‌وه‌كرد، كه راپۆرته‌كه راستییه‌كانی خستووه‌ته‌ڕوو و جه‌ختیكرده‌وه، "په‌كه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كی گێچه‌ڵكارییه‌كانه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی. به تایبه‌تی خه‌ڵكی نیشته‌جێی ناوچه سنوورییه‌كان، كه زیانی گیانی و ماددیان به‌ركه‌وتووه و سه‌رووی 500 گوند چۆڵكراون".
گوتیشی: "به هۆی سیاسه‌ته دوژمنكارییه‌كانی په‌كه‌كه كه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستانی گرتوونیه‌ته به‌ر، ده‌یان كه‌س شه‌هید كراوون به ده‌ستی په‌كه‌كه و توركیا. ئه‌وه‌یش كه به ده‌ستی تورك شه‌هید ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌ی په‌كه‌كه‌یه. چونكه بیانوویه‌كی گه‌وره‌ی داوه‌ته ده‌ست توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكركێشی بكات".
"په‌كه‌كه دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه"
بابكه‌یی به دووری زانی په‌كه‌كه ئامانجی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت و گوتی: "ئه‌وه‌ی شاره‌زای ئه‌لیف و بێی ئه‌ده‌بیاتی هێزه كوردییه‌كان بێت؛ ده‌زانێت په‌كه‌كه هێزێكه بۆ دژایه‌تیكردن و له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان درووست بووه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له راپۆرتی لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراقدا، كه هه‌شت نوێنه‌ر واژوویان له‌سه‌ر كردووه، هاتووه: "په‌كه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ له‌شكركێشی توركیا و كێشه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه و په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسیشی هه‌رێم و عێراق".
"په‌كه‌كه و دوژمنانی كوردستان نانی به‌یانی به‌یه‌كه‌وه ده‌خۆن"
سه‌باره‌ت به لێكه‌وته‌ی راپۆرته‌كه، كه بڕیاره له دانیشتنی نوێنه‌ران بخوێنرێته‌وه و تاوتوێ بكرێت، رێبوار باكه‌یی، گوتی: "ره‌نگه ئیدانه‌ی په‌كه‌كه و له‌شكركێشی توركیا بكرێت، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی به‌دوادا نایه‌ت، چونكه هێزگه‌لێك كاریگه‌رییان هه‌یه و ده‌ستیان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ته‌شریعدا گرتووه، ئه‌م هێزانه له رووی ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕی سیاسی‌یان، (كه دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن)، زۆر نزیكن له په‌كه‌كه".
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وان له دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه و گوتی: "وه‌ك چۆن ئێستا له شنگال په‌كه‌كه ده‌ستی تێكه‌ڵكردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی په‌لاماری كوردستان ده‌ده‌ن و مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، به‌یه‌كه‌وه نانی به‌یانی ده‌خۆن، بۆیه پێم وا نییه، له په‌رله‌مانی عێراق هه‌نگاوی كرداری بنرێت و سیاسه‌تی گێچه‌ڵكاری په‌كه‌كه كۆتایی پێ بهێنرێت".
هه‌ڵوێستی به‌غدا
سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان له باره‌ی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراق نیگه‌رانی ده‌ربڕی و گوتی: "ئه‌وه‌ی له هه‌ڵوێست و ره‌فتاری سیاسی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و پرسه گه‌وره‌یه ده‌خوێنرێته‌وه، بریتییه له هه‌ڵسوكه‌وتی زاره‌كی و به هیچ شێوه‌یه‌ك له واقیعدا نه‌مانبینیوه حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوی كرده‌یی بنێت".
گوتیشی: بێده‌نگییه‌كه‌ی عێراق له كاتێكدایه "عێراق ئه‌ندامه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و توانای گه‌وره‌ی هه‌یه و ئه‌ندامه له كۆمكاری عه‌ره‌بی و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه حكومه‌تی عێراق توانای سه‌ربازی و دیپلۆماسی باشتری له‌به‌رده‌ستدایه به‌راورد به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: حكومه‌تی عێراق پێویسته ئه‌ركه سیادییه‌كانی راپه‌ڕێنێت، ده‌بێت لیژنه‌كان چالاك بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی په‌كه‌كه له‌و سنوورانه و بۆ ئه‌وه‌ی چیتر رێگه نه‌درێت توركیا پێشێلكاری بۆ سه‌ر خاكی عێراق بكات. هه‌روه‌ها داوا ده‌كات، له كاتێكدا هێزێكی پاسه‌وانی سنووری هه‌یه، پێویسته پشتیوانی بكرێت و لیوایه‌كی دیكه بخرێته پاڵی".
بابكه‌یی جه‌ختیكرده‌وه، "حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت پرسه‌كه بكاته نێوده‌وڵه‌تی و له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵا بكات و به بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌ستوه‌ردانی توركیا كۆتایی پێ بهێنێت و هه‌روه‌ها له‌و رێگه‌یه‌وه گێچه‌ڵكارییه‌كانی په‌كه‌كه كۆتایی پێ بهێنێت".

"فاتیحه بخوێنین"
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، بابكه‌یی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، ئه‌و راپۆرته‌ی لیژنه‌كه ده‌چێته به‌رده‌ست حكومه‌تی عێراق و ئه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته بێ هه‌ڵوێست بێت، ده‌بێت فاتیحه‌ی له‌سه‌ر بخوێنین و ئومێدمان پێی نه‌بێت، كه بتوانێت هه‌نگاوێك بگرێته به‌ر و ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات".
هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه
له كۆتایی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و ئه‌ندام له فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، عێراق ده‌توانێت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كارێك بكات و رێگه بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی خۆش بكات هاوكاری بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه.
له‌و باره‌یه‌وه بابكه‌یی، گوتی: "ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی عێراق، ده‌توانن رۆڵێكی سه‌ربازی بگێڕن، به‌ڵام ده‌بێت حكومه‌تی عێراق رێگه‌یان پێ بدات. وه‌ك چۆن له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق هاوپه‌یمانی دژی داعش درووست بوو، یان ده‌بێت عێراق هه‌وڵ و كۆشش بدات هاوپه‌یمانییه‌ك بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه درووست بكات، یان رێگه نه‌ده‌ن چیتر توركیا پێشێلكاری له خاكی هه‌رێمی كوردستان بكات و ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "وڵاتان پێیان وایه ده‌بێت عێراق رێگه‌یان پێ بدات، خۆیان بێ داوای عێراق ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن. چونكه ده‌بێته ده‌ستتێوه‌ردانی روون له كاروباری ناوخۆ، بۆیه پێویسته حكومه‌تی عێراق له‌و رووه‌وه ئیش بكات ، به‌و پێیه‌ی حكومه‌تی عێراق تاكه حكومه‌ته ئامرازی سیادی به‌ده‌سته‌وه و ده‌توانێت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و له ئاستی هاوپه‌یمانی كار بكات و سوود له هێزی بیانی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌بگرێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه".
ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا
ساڵی رابردوو له 16ی 6ی 2020ه‌وه سوپای توركیا هاتووه‌ته ناو خاكی عێراق و له سنووری باتیفای سه‌ر به قه‌زای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به ناوی "چنگی هه‌ڵۆ" ده‌ستپێكردووه و 20 بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه و به قوڵایی 14 كیلۆمه‌تر و به پانی 30 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كه‌ی گرتووه.
هه‌روه‌ها له 24ی 4ی 2021 سوپای توركیا ده‌ستی به كرده‌ی سه‌ربازی كردووه له سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی له قه‌زای ئامێدی و ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی برووسكه و 9 بنكه‌ی سه‌ربازی گرنگی داناوه و به قوڵایی 6 كیلۆمه‌تر و پانی 10 كیلۆمه‌تر له ناوچه‌كه‌یه.
په‌كه‌كه چی ده‌وێت
په‌كه‌كه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1978 له توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌پی رادیكاڵی دامه‌زراوه و له 15ی ئاب/ ئۆگستی 1984 شه‌ڕی چه‌كداری دژی سوپای توركیا ده‌ستپێكردووه و له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراندنی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له 1992 شه‌ڕی له دژی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و تا كۆتایی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو چه‌ند خولێك شه‌ڕی دژی پێشمه‌رگه كردووه.
هاوكات ئه‌و رێكخراوه چه‌كدارییه تێوه‌گلاوه له كێشه ناوخۆییه‌كانی لوبنان و فه‌له‌ستین و فشاری له‌سه‌ر هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان درووستكردووه و بۆ ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر رێگر بوو له سه‌رهه‌ڵدانی هیچ جۆره بزاڤێكی نه‌ته‌وه‌یی له باكووری كوردستان.
له لیستی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تین
په‌كه‌كه به هۆی كرده‌كانی كوشتن و رفاندن و ئاگرتێبه‌ردان و ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌نده مه‌ده‌نی و ئابوورییه‌كان له وڵاتانی ئه‌وروپا، خراوه‌ته لیستی تیرۆری زۆرێك له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ندامانی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سییه‌وه.
دوای كشانه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه له توركیا له سه‌روبه‌ندی یه‌كه‌م پرۆسه‌ی ئاشتیی له توركیا، زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌و چه‌كدارانه له قه‌ندیل گیرساونه‌ته‌وه و بوونه‌ته هۆكاری ئاڵۆزبوونی ره‌وشی ناوچه سنوورییه‌كان و په‌لكێشكردنی سوپای توركیا بۆ قوڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای كاركردنیان درووشمی نه‌ته‌وه‌ییان به‌رز كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له دوای ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری په‌كه‌كه له (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1999) له كینیا، ئۆجه‌لان له زیندان و له رێی تیۆره‌كانییه‌وه، نكوڵی له كیانی كوردی و درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، ده‌یه‌وێت "دیموكراتیك له رۆژهه‌ڵاتی ناوین" بخاته رۆژه‌ڤه‌وه و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمی دیموكراتیك‌دا بژین.