یاسین کەریم لە یانەی هەولێر نزیکە
یانەی هەولێر دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو کردووە و بەنیازە گۆڵپارێزێکی نوێ بگوازێتەوە و راهێنەرێکی نوێی گۆڵپارێزانیش دەستنیشان بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ژێدەرێکی تایبەت بۆ کوردستان24، یاسین کەریم گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مینا کۆتایی هاتووە و حەز دەکات بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق یاریی بۆ یانەی هەولێر یان نەورۆز بکات.
گەرچی چەند یانەیەکی بەغدا ئۆفەریان پێشکەشی یاسین کەریم کردووە، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە کوردە ئارەزوو دەکات بچێتە ریزەکانی یانەی هەولێر.
یانەی هەولێر وەرزی رابردوو لە خولی نایابی عێراق لە کۆی 38 یاریی 41 گۆڵی لێکرا، کە دلێر حاتەم و رێباز عەبدوڵڵا پارێزگارییان لە گۆڵی یانەکەی قەڵا و منارە دەکرد.
دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لەگەڵ عیماد هاشم لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، کە عیماد هاشم لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و پێشتریش راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی یانەکەی کردووە.