پێشمهرگه شهش گوندى له دهست داعش رزگار كرد
ئۆپەراسیۆنەكە بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی ھەرێمی كوردستانە و بۆ دوورخستنەوەی مەترسی داعشە لەسەر شارۆچکەی خەبات
K24 – ههولێر:
هێزی پێشمهرگهی كوردستان له میحوهری خازر هێرشێكی بهرفراوانیان كردە سەر چهكدارانی داعش و چەندین گوند و ناوچەی گرنگیان ئازاد كرد، عەزیز وەیسی فەرماندەی فەرماندەیی هێزی زێرەڤانی بۆ كوردستان24 دەڵێ: ئۆپەراسیۆنەكە بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی ھەرێمی كوردستانە و بۆ دوورخستنەوەی مەترسی داعشە لەسەر شارۆچکەی خەبات، چونكە چەندین جار ئەو ناوچەیە لە لایەن داعشەوە بە رۆكێت و كاتیۆشا ھێرشی كراوەتەسەر.
ئەمە گرتەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی چەكدارانی داعشە كە دەیەوێت خۆی بە ھێزەكانی پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە و پێش بە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە بگرێت لە میحوەری خازر، بەڵام بەر لەوەی ئامانجەكەی بپێكێت، ھێزەكانی پێشمەرگە دەیتەقێننەوە و درێژە بە پێشرەوییەكانیان دەدەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فەرمان و سەرپەرشتی بارزانی، ھێزەكانی پێشمەرگە له چهند قۆڵێكهوه لە میحوەری خازر هێرشیان بۆ سهر چهكدارانی داعش دەستپێكرد و بڕیار وایە ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامبێت و بەھۆی نزیكی میحوەری خازریشەوە تێكشكانی داعش لە ناوچەكە بە تەواوی مەترسی لەسەر ھەولێر دوور دەخاتەوە.
لە ئۆپەراسیۆنەكەی پێشمەرگەدا، گوندی موفتییە و تولەبەند و زارا خاتوون و چەند ناوچەیەكی دیكەی گرنگ لەدەست داعش دەرھێندراون.
ھەرچەندە داعش خوازیاربوو لە رێی ناردنی خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو پاشەكشە بە پێشمەرگە بكات، بەڵام سەرجەم ئەو خۆكوژ و ئۆتۆمبێلانە لە لایەن ھێزەكانی پێشمەرگە و بە ھاوكاری فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان تەقێندرانەوە و تواندرا گورزێكی گەورە لە چەكدارانی داعش بدرێت.
وەك ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا نزیکەی 5 ھەزار و 500 پێشمەرگە بەشداربوونە، بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەش داعش توشی شكستێكی گەورە دەبێت و رێ لە ھەر پێشڕەوییەكیان دەگیرێت بۆ دەوروبەری ھەولێر.