پێنتاگۆن ستایشی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی 80 بۆ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا: ئەم بڕیارە هەنگاوێکی باشە و دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو هێزانه‌ی فەرمان له‌ وەزارەتی پێشمەرگە وه‌رده‌گرن

پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگر ئەمه‌ریکا "پێنتاگۆن" لە راپۆرتێکدا ستایشی بڕیاری گەڕاندنەوەی یەکەی 80ی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەكات.

لە راپۆرتی ساڵانەیدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی، وەزارەتی بەرگری ئه‌مه‌ریكا ئاماژەی بەوە کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیارێك 8 هەزار و 100 پێشمەرگەی خستووەتەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتووش دوو لیوای دیکەی بە هەمانشێوە بخاتەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم بڕیارە هەنگاوێکی باشە و دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو هێزانه‌ی فەرمان له‌ وەزارەتی پێشمەرگە وه‌رده‌گرن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لیواکانی پاسەوانی هەرێم ژمارەیان 32 هەزار بووە و بەسەر 16 لیوادا دابەشبوون، لە 3 بنکەی مەشق و راهێنانی وەزارەتی پێشمەرگە مەشقیان پێدەکرێت.

بەگه‌ڕاندنه‌وه‌ی 8 هەزار و 100 پێشمەرگەی دیکە بۆ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ژمارە و توانای ئەو هێزانە زیاتر دەبێت.

ئەم راپۆرتە لەکاتێکدایە، بە بڕیارێکی سەرۆك بارزانی، یەکەی 80ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

H.B