نێچیرڤان بارزانی: چارەسەری قەیرانی دارایی پێویستی بە پلانی بنەڕەتی ھەیە

"راگەیاندنی ئەم پلانە دووپاتكردنەوە و جیدیەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە لەسەر ریفۆرم"

K24 - ھەولێر

 سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھەموو ئەو ھۆیانەی بوونە ھۆیكاری سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لە دەرەوەی دەستەڵات و ئیرادەی ئێمە بوون و دابەزینی نرخی نەوت دۆخەكەی سەختركرد، باسی لەوەشكرد بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستان پێویستی بە پلانی بنەڕەتی ھەیە.

لە میانی بەشداریكردنی لە کۆنفرانسی نەخشە رێگەی ریفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستان لە گوتارێكدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "راگەیاندنی پلانی ریفۆرم دووپاتكردنەوە و جیدیەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە لەسەر یفۆرم و باشتركردنی دۆخی ھەرێمی كوردستانە لە ھەموو روێكەوە، ھەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی كورتدا رووبەڕووی چەندین تەحەدی زۆر سەخت بووەوە"

نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستەسەر ھۆكارەكانی سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی و رایگەیاند: "وێڕای خەرجی زۆری رۆژانەی جەنگ زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 ھەزار ئاوارە و پەنابەری لە سووریا و ناوخۆی عێراقەوە روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە، بەو شێوەیە 28% رێژەی دانیشتوانی ھەرێمی كوردستان زیادیكرد كە پێویستیان بە پێشكەشكردنی ھەموو خزمەتگوزارییەك ھەیە ئەمە چەند قات باری دارایی حكوومەتی ھەرێمی سەختكرد، ئەوەی بە یەكجاری دۆخەكەی ئاڵۆزكرد دابەزینی نرخی نەوت بوو كە لە ھەموو ھۆكارەكانی دیكە كاریگەرتر بوو بۆھەرێمی كوردستان".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ھەموو ئەو ھۆیانەی بوونە ھۆكاری سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لە دەرەوەی دەستەڵات و ئیرادەی ئێمە بوون، بەڵام پێشتریش باسم كردووە ئەوە بەو مانایە نییە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە سیستمی كارگێڕی دارایی خۆیدا كێشەو كەموكوڕی نەبووە".

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا نیچیرڤان بارزانی گوتی: "حكوومەت پێویستی بە نەخشە رێگە و پلانی ریفۆرمی بنەڕەتی و دارایی و ئابووری و كارگێڕی ھەیە بۆ كە لەسەر ستاندارد و زانستە نێودەوڵەتیەكان و بە ھاوكاری و چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێودەوڵەتی ئامادە بكرێت، پلانێ كە خەڵكی نەدار و كەمدەرامەت بپارێزێت".