له كانی ماسێ هاووڵاتییه‌ك له ئاكامی شه‌ڕی په‌كه‌كه و سوپای توركیا شه‌هید بوو
هاووڵاتییه‌ك له ئاكامی شه‌ڕی په‌كه‌كه و سوپای توركیا له سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی شه‌هید بوو.
K24 – دهۆك:
هاووڵاتییه‌ك له ئاكامی شه‌ڕی په‌كه‌كه و سوپای توركیا له سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی شه‌هید بوو.
سه‌ربه‌ست سه‌بری، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی كانی ماسی، تایبه‌ت به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌و هاووڵاتییه خه‌ڵكی گوندی "دشیشێ"یه و له حه‌وشه‌ی ماڵی خۆیدا بووه له گونده‌كه‌یدا و به هۆی به‌ركه‌وتنی گوله‌یه‌كی دۆشكاوه شه‌هید بووه.
رووداوی شه‌هیدبوونی ئه‌و هاووڵاتییه كاتژمێر (10:00)ی پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13ی ئاب/ ئۆگستی 2021) روویداوه.
هاووڵاتییه‌كه ناوی "ئیبراهیم حه‌سه‌ن محه‌مه‌د" و ته‌مه‌نی (50 ساڵ)ـه و به مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ره‌ز و باخ و ئاودانی باخه‌كه‌ی سه‌ردانی گونده‌كه‌ی كردووه.
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ئەوەشی خسته‌ڕوو، گوندی "دشیشێ" یەکێکە لەو 5 گوندە کە لەم دواییە چۆڵکرابوو، بەڵام ماوە ماوە خەڵکی گوندەکە بۆ چاودێری و ئاودانی باخه‌كانیان ده‌چنه‌وه ناوچه‌كه.
له مانگی ئایاری رابردووه‌وه، شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به چڕی ده‌ستیپێكردووه و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان شه‌هید بوون و سه‌دان خێزانیش له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.