کیلیان مباپێ و ناسر خلێفی کۆدەبنەوە؛ مباپێ گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە

کیلیان مباپێ
کیلیان مباپێ

لە چەند کاتژمیری داهاتوو کیلیان مباپێ و ناسر خلێفی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکەن، هێرشبەرە فەرەنسییەکە داوایەک لە سەرۆکی یانەکەی دەکات.

میدیاکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، کیلیان مباپێ بە یانەکەی راگەیاندووە بەهیچ شیوەیەک گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە کە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، بەڵکو داوای دیداری ناسر خلیفی کردووە تا بڕیاری کۆتایی خۆی پێبڵێت و داوای لێبکات گوێ لە ئۆفەرەکەی ریال مەدرید بگرێت.

جۆسێپ پێدریرۆل رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەی ریال مەدرید رایگەیاندووە، هێشتا مباپێ خەون بەوە دەبینێت ئەم هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید بکات، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە چوونی مباپێ بۆ ریال مەدرید یەکلا بێتەوە، چونکە مباپێ سوورە لەسەر ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، تۆماس رۆنسێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی مەدریدیش پێیوایە ئەگەر هاوینی داهاتوو مباپێ بەخۆڕایی ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت دەبێتە گەورەترین شکست بۆ میرەکانی قەتەر، بۆیە لەوانەیە خلێفی ناچار بێت بە فرۆشتنی مباپێ رازی بێت.

پێدریۆل رایگەیاندووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوو کۆبوونەوەکەی مباپێ و خلێفی هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پاریس مێسی بردووەتە ریزەکانی، بەڵام هێشتا مباپێ دەیەوێت ریزەکانی شازادەکانی پاریس بەجێبهڵێت.

ماڵپەڕی ABCـی ئیسپانی رایگەیاندووە، ریال مەدرید ئامادەیە 150 ملیۆن یۆرۆ بە مباپێ بدات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر مباپێ رازی نەبێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەوا خلێفی دەستبەرداری بێت چونکە ئەگەر ئەم هاوینە هێرشبەرە فەرەنسییەکە نەفرۆشێت هاوینی داهاتوو ناچار دەبێت بێبەرامبەر بەڕێی بکات.