سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى سنوورى ميحوه‌رى خازر رزگار كران

ئۆپەراسیۆنە دوو رۆژییەكەی ھێزەكانی پێشمەرگە كۆتاییھات، لەو دوو رۆژەدا تواندرا ھەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر كۆنتڕۆڵبكرێنەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0c62a967-6e56-46d4-a26c-dcbc477b0529/PeshmergeOperasion%202.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئۆپەراسیۆنە دوو رۆژییەكەی ھێزەكانی پێشمەرگە كۆتاییھات، لەو دوو رۆژەدا تواندرا ھەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر كۆنتڕۆڵبكرێنەوە، ئێستا تیمە ئەندازەییەكانی پێشمەرگە سەرقاڵی پاككردنەوەی گوندەكانن، بە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندانە داعش لەو سنوورە تووشی شكستێكی گەورەبوو و ھاوكات زیانێكی زۆری گیانی و ماددییان بەركەوتووە.

لە رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی گوندەكانی شەبەك و كاكەیی لە میحوەری خازر، داعش خوازیاربوو بە بەكارھێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ، پەك بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بخات، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە شكستیان بە ھەموو ھەوڵەكان ھێنا، تیمە ئەندازەییەكانی پێشمەرگە چەندین ئۆتۆمبێلیان تەقاندەوە و ھەندێكیشیان ئێستا لە دەست پێشمەرگەن.

بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو گوندانەی دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھێزی پێشمەرگە كۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنە دوو رۆژییەكەی راگەیاند. لەو دوو رۆژەدا ھێزەكانی پێشمەرگە 9 گوند و ناوچەی گرنگیان لەدەست داعش دەرھێنا.

ئێستا تیمە ئەندازەییەكانی پێشمەرگە، ئاڵای كوردستانیان لە سەرجەم ئەو گوندانە ھەڵكردووە و سەرقاڵی پاككردنەوەی مین و تەقەمەنییە چێندراوەكانن، داواش لە ھاووڵاتییان دەكەن، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ گوندەكانیان ئاگاداربن، چونكە داعش لە دوای خۆی مین و تەقەمەنی جێھێشتووە.

بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە بە فەرمان و سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندەكانی شەبەك و كاكەییەكان لە میحوەری خازر بە بەشداری زیاتر لە 5000 پێشمەرگە دەستیپێكرد. لەو دوو رۆژەدا ھێزەكانی پێشمەرگە بەپێی ئەو پلانەی داڕێژرابوو، ئامانجەكەیان پێكاوە و ئێستا ھەموو ئەو ناوچانەی دەكەونە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەن و بەوەش گوزرێكی دیكەی كوشندە بەر چەكدارانی داعش كەوتووە.