دادگای فیدراڵی چاره‌نووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگان

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2433e19d-03a3-4057-aed2-4c40f96857cc/KobunewiperlemaniIraq.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دواخستنی بڕیاردان لەسەر یەکلاییکردنەوەی شەرعییەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بۆ 8ی مانگی داهاتوو، هۆکاری ئامادەنەبوونی بەشێك لە پەرلەمانتاران بوو لە دانیشتنەکای دوێنێدا، حەیدەر عەبادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لە دانیشتنەکەدا  دۆخی شەڕی فەللووجە و هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی شیکردەوە.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راوێژکارییەوە گۆڕا بۆ دانیشتنێکی ئاسایی، ئامادەبوونی عەبادیش بۆ شیکردنەوەی دۆخی شەڕی فەللووجە و چەند هەنگاوێکی حکوومەت بوو، بەڵام دواخستنی بڕیاردان لەسەر یەکلایی کردنەوەی شەرعییەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆ 8ی مانگی داهاتوو، بووە هۆکاری کۆنەکردنەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران و گومانی خستە دڵی بەشێکیان بە هۆی کاریگەری سیاسەت بەسەر دادگای فیدڕاڵییەوە.

تەها ریفاعی، ئەندامی فراکسیۆنی چاکسازی ده‌ڵێت: "دادگای فیدڕاڵ هەروا بە ئاسانی بڕیار لەسەر کێشەیەکی وا ئاڵۆز نادات، دادگا ویستی لایەنە سیاسییەکان بتوانن بگەن بە رێکەوتنێك کە جێی رەزامەندی هەموو لایەک بێت، هەروەها نایەوێت لە کێشە سیاسییەکاندا تێوەگڵێت، دەیەوێت کاتێکی زیاتر بدات، تەنانەت لەو بڕوایەدا نیم ٨ی مانگی داهاتووش بڕیار بدات".

فراکسیۆنی ئەحراڕیش، جارێکی دیکە هەموو لایەکی لە لێڵی پرۆسەی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە تکنۆکرات و بەهەند وەرنەگرتنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئاگادار کردەوە.

مازن مازن، ئەندامی فراکسیۆنی ئەحرار گوتی: "داهاتووی پرۆسەی سیاسی ئەوەیە لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات بین دوور لە کوتلە و حزبە سیاسییەکان، هەروەها پێویستە لایەنەکان ئامادەییان تێدابێت بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستە وەزارییەکانیان لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتێکی لەم شێوەیە، پێویستیشە سەرجەم لایەنەکان لەگەڵ داواکاری خۆپیشاندەران بن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە نەوەک تەنها چاکسازی رووکەشی".

فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش، هەست بە نیگەرانی دەکەن لە پشتگوێخستنی داواکاری و ئەو بەڵێنانەی پێشتر كه‌ لە لایەن بەغداوە بە هەرێمی کوردستان دراون، سەرەڕای بەردەوامی هه‌رێمی كوردستان لە درێژەدان بە وتوێژەکان، بەڵام دواجار بەشێك لە سیاسەتمەدارانی کورد گەیشتنە ئەو بڕوایەی ماڵی کوردی یەك بخەن و لە عێراق جیاببنەوە.

هەرچەندە دانیشتنەکان بەردەوامییان هەیە، بەڵام تا دێت پرۆسەی سیاسی ئاڵۆزتر دەبێت، گەیشتن بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە کەڵەکەبووانە زۆر ئەستەمە و کەلێنی نێوان سیاسەتمەدارەکانیش زیاتر بووە.