فه‌لووجه‌ بۆچى له‌ به‌غدا ياخييه‌

فەلوجە یەكێكە لەو شارانەی كە بەوە ناسراوە دوای ساڵی 2003 ھەمیشە شارێكی یاخی بووە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و ھێزە ئەمریكییەكان لە شەڕدا بووە لەم راپۆرتەدا ھەوڵدەدەین مێژووی شەڕەكانی شاری فەلووجەتان بۆ باس بكەین لە دوای 2003 ەوە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8912d110-4198-48e9-889d-790a75209ce6/FALLUJATIME.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

فەلوجە یەكێكە لەو شارانەی كە بەوە ناسراوە دوای ساڵی 2003 ھەمیشە شارێكی یاخی بووە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و ھێزە ئەمریكییەكان لە شەڕدا بووە لەم راپۆرتەدا ھەوڵدەدەین مێژووی شەڕەكانی شاری فەلووجەتان بۆ باس بكەین لە دوای 2003 ەوە.

كاتێك رژێمی سەددام حوسێن رووخا فەللوجە بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراق بۆ چەند ھەفتەیەك بێدەنگی ھەڵبژارد و تەنانەت ھیچ كام لە بارەگاكانی حزبی بەعس لەو شارە تاڵان نەكرا، بەڵام لە 28 ی نیسانی ساڵی 2004 كە یادی لە دایكبوونی سەددام حوسێنە خەڵكی فەللوجە خۆپیشاندانێكیان سازكرد و تیایدا ھێرشیان كردە سەر  ھێزە ئەمریكاییەكان و لە ئەنجامدا چەندین سەربازی ئەمریكی و 17 كەس لە خۆپیشاندەران كوژران و شەڕی  یەكەمی فەللوجە دەستیپێكرد و  دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە چونكە بۆ یەكەم جار ھەلیكۆپتەرێكی ئەمریكی خرایە خوارەوە و سووكایەتی بە تەرمی كوژراوە ئەمریكاییەكان كرا.

لە 31ی ئازاری ساڵی 2004 دا شەڕی دووەمی فەلوجە دەستی پێكرد ئەویش بەھۆی كوژرانی چوار پاسەوانی كۆمپانیای بلاك وەتەری ئەمریكی، كە كۆمپانیایەكی ئەمنی بوو و ئەو رووداوەش  رای گشتی ئەمریكای ھەژاند چونكە دوای كوشتنیان تەرمی ئەو پاسەوانانە سوكایەتیان پێكراو لەسەر پردێكی نزیك رووباری فورات ھەڵواسران و سوتێندران.

وەك رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێدەكەن سوپای ئەمریكا لەو شەڕەدا چەكی فسفۆری بەكار ھێناوە و شەڕەكەش  تا ساڵی 2007 ی خایاند و بۆ كۆتاییھێنان بەو شەڕە حكوومەتی عێراق ناچاربوو لەگەڵ ھۆزەكانی فەلوجە و پارێزگای ئەنباردا رێك بكەوێت ھێزێكی چەكداریان بۆ درووست بكات كە ئەو كات بە ھێزەكانی سەحوە دەناسرا.

بەڵام دوای ھەڵوەشاندنەوەی ھێزەكانی سەحوە و پاشەكشێی سوپای ئەمریكا لە عێراق و لە سەرەتای ساڵی 2014 دا فەلوجە بوو بە یەكەم شار كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵبكرێت و لە 23ی و ئایاری ئەمساڵیشدا حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی فەللوجەی راگەیاند كە ئەمەش بە شەڕی سێھەمی فەلووجە دەناسرێت و تا ئێستاش سوپای عێراق نەیتوانیوە بەشێكی بەرچاو لەو شارە ئازاد بكات، زۆرینەی چاودێران دەڵێن سروشتی كۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیای فەللوجە و ھەڵەكانی حكوومەتی عێراق و پشتگوێخستنی سوننە لە عێراقدا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی فەللوجە زیاتر لەھەر شارێكی دیكە ببێتە لانكەی ھێزە توندڕەوەكان.