باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له كابوله و ئه‌فغانییه‌كان جێناهێڵێت
100 هه‌زار ئه‌فغانی ده‌گه‌یه‌نرێنه ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به‌رپرسان و رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه، كه باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌فغانستانه و ئه‌و وڵاته جێناهێڵێت تا 22 هه‌زار له‌و 50 هه‌زار هاووڵاتییه ئه‌فغانییه نه‌گوازێته‌وه، كه پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كاریانكردووه یان ژیانیان له مه‌ترسیدایه.
به‌پێی راپۆرته هه‌واڵییه‌كان، رۆس ویلسن باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و تیمه‌كه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌ی كابول ماونه‌ته‌وه بۆ كۆتاییهێنان به‌گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكیانه‌ی له‌و وڵاته‌ن و ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌فغانییانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا هاوكاری ئه‌مه‌ریكا بوون.
بۆ جه‌ختكردنه‌وه له دروستی هه‌واڵه‌كه‌ش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه "رۆیته‌رز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: "تیمی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول له‌به‌شی سه‌ربازی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول كاره‌كانیان ده‌كه‌ن و پێده‌چێت چاوه‌ڕێی ته‌واوی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كارمه‌ند و كه‌سانه بن، كه له ئه‌فغانستان چاوه‌ڕێن".
هه‌رچه‌نده به‌پێی هه‌واڵێكی "ئێن بی سی نیوز"، وێلسن داوای له وه‌زاره‌ت كردووه، كه له ئه‌فغانستان بمێنێته‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ ناو بینای باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول، كه له رۆژی (16ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021)ـه‌وه داخراوه.
ویلسن له تویتێكدا ئێواره‌ی (16)ی ئه‌و مانگه نووسیویه‌تی: "به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو هه‌واڵه درۆكانه‌وه، من و تیمی باڵیۆزخانه له كابول-ین و به‌جدی كارده‌كه‌ین بۆ هاوكاریكردنی هه‌زاران هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌فغانی كه ئه‌گه‌ری زیانپێگه‌یاندنیان هه‌یه و په‌یوه‌ندیان هه‌یه و لێره‌ن، پایه‌ندبوونی به‌رده‌واممان هه‌یه به‌رامبه‌ر گه‌لی ئه‌فغان".
هه‌روه‌ها له‌هه‌مانكاتدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول له ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كدا داوا له‌و كه‌سانه ده‌كات، كه مه‌ترسیان له‌سه‌ره یان له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا كاریان له‌گه‌ڵ كردوون، ئاماده‌ن هاوكاریان بن. له تویته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ئێمه ئاماده‌ین بۆ هاوكاری و رزگاركردنتان له ئه‌فغانستان، به‌یارمه‌تی خۆتان مه‌یه‌نه فڕۆكه‌خانه تا له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌وه ئاگادارنه‌كرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رتانه ته‌نیا به‌ڵگه‌نامه و دیكۆمه‌نته‌كانتان بنێرن".
هه‌رچه‌نده بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هیچ كێشه‌یه‌كی نییه له كۆنترۆڵی گه‌شته ئاسمانییه‌كان و رێگه‌ی داوه به ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا، كه كۆنترۆڵی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول بكه‌ن، به‌ڵام ترسی مانه‌وه‌ش زیادیكردووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه تاڵیبان ئیتر رێگه‌نه‌دات به مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له فڕۆكه‌خانه، بۆیه چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌م رێگرییه رووبدات؟
جه‌نه‌رال "هانك تایلۆر" پسپۆری لۆجستی له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌ش له پێنتاگۆن به رۆژنامه‌نووسانی گوت: "تاڵیبان ئاگاداركراوه‌ته‌وه له فڕۆكه‌خانه نزیك نه‌كه‌ونه‌وه، چونكه له‌لایه‌ن هێزی هاوپه‌یمانانه‌وه ته‌قه‌یان لێده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان به‌سه‌لامه‌تی بگوازرێنه‌وه".
هه‌روه‌ها پێنتاگۆن ئێواره‌ی (17ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) رایگه‌یاند، كه 6 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی-یان گه‌یاندووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی كابول بۆ په‌له‌كردن له گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت وڵات به‌جێبێڵن، له‌ناو ئه‌و فه‌وزایه‌ی كه رووی له پایته‌خت كردووه، وێرای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ی سه‌رۆك بایدن ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و پابه‌نده به‌و بڕیاره‌ی كه ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له (31ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) ده‌كشێته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی "ئه‌ی بی سی نیوز"، ئێستا جه‌نه‌رال "كینس فرانك ماكنزی" به‌رپرسی هێزی پیاده‌ی ده‌ریاوانی ئه‌مه‌ریكا له فڕۆكه‌خانه‌ی كابول سه‌رپه‌رشتی 6 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و 900 سه‌ربازی به‌ریتانی و 250 سه‌ربازی رووسی و 500 سه‌ربازی توركی ده‌كات، بۆ ده‌ربازكردنی 50 هه‌زار ئه‌فغانی و هه‌زاران هاووڵاتی بیانیی وڵاتانی دیكه، له نێویاندا ده‌یان دیپلۆمات و كارمه‌ندی رێكخراوه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا پێیوایه ئه‌و 50 هه‌زاره به‌رزبێته‌وه بۆ 80 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌فغانی.
له ئێستادا تاڵیبان رێگه‌ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت وڵات جێهێڵن، به‌ڵام له‌نێو ئه‌و دیمه‌نه تراژیدیایانه‌ی رۆژانه له نێو كابول له‌سه‌رده‌ستی چه‌كدارانی تاڵیبان ده‌بینرێت، پێده‌چێت ژماره‌ی هاووڵاتیانی ئاسایی ئه‌فغانی له‌وه زیاتر بكات، كه داوای جێهێشتنی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌شدا، به‌ریتانیا پێشوازی له 20 هه‌زار ئه‌فغانی ده‌كات، كه رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه و به‌شێك بوون له هاوكارانی به‌رنامه‌ی به‌ریتانیا.
به‌پێی رۆژنامه‌ی "گاردیان" سه‌ره‌تا به‌ریتانیا پێشوازی له 5 هه‌زار ئه‌فغانی ده‌كات، كه رووبه‌رووی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه.
به‌پێی "گاردیان" ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ژنان و كچان و كه‌مینه‌كانه، كه مافیان پێشێلكراوه، به‌پێی رێساكانی مافی مرۆڤ و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتی به‌ریتانی كه له‌ناو باڵیۆزخانه و كۆمپانیاكان كاریانكردووه، ده‌گوازرێنه‌وه.
دۆمینیك راب، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس-ی گوتووه: "بڕیاره 4 هه‌زار هاووڵاتی به‌ریتانیا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا بگوازینه‌وه، كه كارمه‌ندی باڵیۆزخانه و كۆمپانیا و رێكخراوه‌كان بوون".
به‌ڵام "جۆن كیربی"، گوته‌بێژی پێنتاگۆن ده‌ڵێت: "له‌و باوه‌ڕه‌داین كه 10 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی تا ئێستا له شاری كابول مابێت، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا له توانایدایه رۆژانه ته‌نیا 9 هه‌زار هاووڵاتی بگوازێته‌وه"، گوتیشی: "سێ بنكه‌ی سه‌ربازی ئاماده‌كراوه بۆ وه‌رگرتنی نزیكه‌ی 22 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌فغانی و دواتر به‌سه‌ر ویلایه‌ته‌كاندا دابه‌شده‌كرێن".
هه‌روه‌ها "ئه‌ی بی سی نیوز" له راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووه، كه دوێنێ (17ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021)، ته‌نیا 12 گه‌شتی ئاسمانی كراوه له كابول-ه‌وه كه زۆربه‌یان بۆ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر بووه، چه‌ند گه‌شتێكیش بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی شاهانه‌ی به‌ریتانی له قوبرس و له‌وێوه ده‌گه‌یه‌نرێنه وڵاتانی به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌دا.
به‌پێی رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"، 22 هه‌زار ڤیزای كۆچبه‌رانی تایبه‌ت دراوه به‌و كه‌سانه‌ی له رابردوودا هاوكاری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوون، یان له كاروباری رێكخراوه‌كاندا كاریان كردووه، بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه به‌ر هێرشی تاڵیبان.
ئه‌نجیلا مێركل، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به‌ڵێنی داوه 10 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌فغانی وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رگرێت، له‌نێویاندا 2500 هاووڵاتی ئه‌فغانی، كه كاریان بۆ باڵیۆزخانه كردووه و 200 ئه‌فغانی دیكه كه بۆ رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له ئه‌فغانستان كاریان كردووه، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه مه‌رسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه.
هه‌روه‌ها "جه‌ستن ترودۆ"، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌ڵێنی داوه، 20 هه‌زار ئه‌فغانی وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت، له‌نێویاندا ژنان و كه‌سانی هۆمۆسێكسوال و ئه‌وانه‌ی كه ئازادی راده‌ربڕینیان لێ زه‌وت ده‌كرێت.
ئوسترالیا-ش ئاماده‌یه 800 هاووڵاتی ئه‌فغانی وه‌ربگرێت، كه له رابردوودا هاوكاری سوپای ئوسترالیا-یان كردووه.
به‌گشتی تێكڕای ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌فغانیانه‌ی ده‌گه‌یه‌نرێنه ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا، 100 هه‌زار هاووڵاتی زیاتره.
د.ی