دێلتا نرخی نەوتی زیاتر دابەزاند

نرخی نەوت لەسەر ئاستی هەفتانە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنای جۆری دێلتا، نرخی نەوتی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند، داکەوتنی نرخی نەوت لەسەر ئاستی هەفتانە هاوشێوەی نەبووە، بە جۆرێك بەهۆی کەمی خواست لەسەر سووتەمەنی لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بازرگانان دەستبەرداری گرێبەستەکانی نەوت دەبن. ئەوەش وایکردووە بە درێژایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەردەوام بێت لە داکەوتن.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 8٪ بۆ 65.18 دۆلار داکەوت، کە کەمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی نیسانەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئەیلوول، بە درێژایی هەفتەی رابردووی بە رێژەی 9٪ بۆ 62.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

هەروەها نرخی نەوتی خاوی بەسرەش، گەورەترین داکەوتنی هەفتانەی لە دوای 9 مانگ تۆمارکرد، بە شێوەیەک بە درێژایی هەفتەی رابردوو 8.5٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە، لە مامەڵەکانی دوێنی هەینیدا بەر لە داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 1.41٪ بۆ 66.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری دێلتا، ژمارەیەکی زۆری وڵاتان جارێکی دیکە پەنایان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووەتەوە.

چین کە دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە، رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە بەندەرەکان بە توندی پەیڕەو دەکات، ئوستراڵیاش رێوشوێنەکانی گەشتکردنی توندکردووە، بەهۆیانەوە، خواست لەسەر سووتەمەنی فڕۆکە کەمیکردووە، لە کاتێکدا بە درێژایی وەرزی هاوین جارێکی دیکە خواست بۆ گەشتکردن زیادیکردبوو.

کۆمپانیای خزمەتگوزاری بەیکەرهیوز رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ئەمەریکا بۆ 11.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە، هەروەها کۆمپانیاکانی وزەش سەکۆکانی هەڵکۆڵینی نەوتیان بۆ سێیەم هەفتەی لەسەر یەک زیادکردووە.