كوردستان24 گه‌يشته‌ حه‌له‌ب.. جيهان له‌ رێى كوردستان 24ه‌وه‌ كاولكارييه‌كانى حه‌له‌ب ده‌بينێت

K24 – هه‌ولێر:

کوردستان 24 دەچێتە ئەو شارەی کە ھەموو جیھان چاوی لەسەرە و رۆژانەش بەدەیان کەس تێيدا دەبنە قوربانی بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگیيەکانی روسیا و رژێمی سوریا. بەرنامەی پەیامنێری بێسنوور کە لەلایەن ھونەر ئەحمەدەوە پێشکەش دەکرێت ئەمجارەیان لە حەلەبەوە دەبێت, بەرلە پێشکەشکردنی بەرنامەکە لەپاکێجێکدا ھونەر ئەحمەد تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەوشارە.

گەیشتن بە شاری حەلەب بۆ ھەموو رۆژنامەنوسێک کارێکی زۆر ئەستەمە.

تیمی کوردستان 24 وەک یەکەم کەناڵی کوردی دەچێتە ناو حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەریەوە .

فڕۆکە جەنگیيەکان بەردەوام بەسەر ئاسمانی حەلەب دەسوڕێنەوە بەوتەی خەڵکی ئەو شارە رۆژانە زیاتر لە 100 ھێرش ئەنجام دەدەن .

بەڵام ھەموو ئەو ھێرشانە خەڵکی مەدەنی دەکەنە قوربانی پاش ھەموو ھێرشێک نەخۆشخانەکان پڕدەبن لە کوژرا و برینداری خەڵکی مه‌ده‌نى.

چەکدارێکی بەرەی ئیسلامی ئەحرارو شام لەڕێگەی بەنامەی پەیامنێری بێسنوورە داوا دەکات کە حکومەتی رژێمی ئەسەد و روسیا دەست لە بۆردومان کردنی خەڵکی بێتاوان ھەڵگرن و لە سەنگەرەکان روبەڕووی ئەوان ببنەوە .

وەکو تیمی  کوردستان 24 بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی پەیامنێری بێسنوور چونە حەلەب  لە رۆژی یەکەم و دووەمی کارکەماندا چەکدارەکان لەڕێگەی بێتەلەوە ئەو زانیاریانەیان دەست کەوت کە فڕۆکەکانی روسیا و رژێمی ئەسەد زیانیویانە تیمێکی راگەیاند ھاتوەتە حەلەب و وێنەی کارەساتە مرۆییەکان و شوێنی بۆردومانەکان وێنە دەگرێت بۆیە تیمەکەمان خرایە ژێر چاودێریی فرۆِکە جەنگیەکانەوە لەکۆی 11 شوێن کە بە کامێراکانی ئێمە وێنە گیرا بوو 9 شوێنیان بۆردومان کران.

منداڵان زەرەرمەندی سەرەکین لە بۆردومانەکان بەڵام ئەوان راھاتوون لەکاتی بۆردومانەکانیش کوچە و کۆڵانەکان جێ ناھێڵن.

ھەر بۆ ئامادەکردنی  بەرنامەی پەیامنێری بێسنوور لەبەرەکانی جەنگەوە چوینە جێگایەک کە بۆیەکەم جارە کەناڵێکی جیھانی پێی دەگات و  لەو جێگایە رژێمی سوریا کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە .

دواتر لە شێخ مەقسود نزیک بوینەوە کە یەکێکە لە ناوچە کوردییەکانی حەلەب بەڵام نەمانتوانی بچینە نێو شێخ مەقسودەوە چونکە دەبێت بەنێو خاڵەکانی رژێمی سوریادا بگەینە شێخ مەقسود ئەوەش کارێکی زۆر ئەستە لە ناوچەکانی  بەرەی نوسرە و ئەحرا و شامەوە بگەیت بە شێخ مەقسود .