نرخی نەوت ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت

دوای هەفتەیەک دابەزین رووی لە بەرزبوونەوە کرد

K24 - هەولێر

دوای دابەزینە بەرچاوەکەی بە درێژایی هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بەرزبووەوە، هۆکاری سەرەکی ئەو داکەوتنەش، گوشارە ئابوورییەکان و بەهێزبوونی پێنوێنی دۆلار بوو.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی ٪1.82 بۆ 66.93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە رێژەی 1.8٪ بۆ 63.27 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە درێژایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت، گەورەترین داکەوتنی هەفتانەی لە نۆ مانگی رابردوویدا تۆمارکرد، بە جۆرێک نەوتی برێنت بە رێژەی 8٪ و نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 9٪ دابەزین. کە بەهۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا جۆری دێلتا ترس هەیە لە سەرتاسەری جیهان خواست بۆ سووتەمەنی کەمبێتەوە.