گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری کردووەتە سەر بڕ و کوالێتی گەنم
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گەنم لە گرێبەستە داهاتووەکانی ئەمهریکا بەهۆی گومانەکان لە دابینکردنی گەنمی پێویست تا دێت نیگەرانی دامەزراوە و وڵاتەکان زیاتر دەکات.
K24 – ههولێر:
گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی لەسەر خۆراکی پێویست بۆ دانیشتووانی جیهان و بەتایبەت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گەنم لە گرێبەستە داهاتووەکانی ئەمهریکا بەهۆی گومانەکان لە دابینکردنی گەنمی پێویست تا دێت نیگەرانی دامەزراوە و وڵاتەکان زیاتر دەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵی فەرەنسا، پێشبینییەکانی بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ دابەزاند و هەروەها راشیگەیاندووە کە کوالێتی گەنمی ئەمساڵ نیگەرانی کردووە، سەرەڕای ئەوەش پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی رووسیا دابەزێت، جگە لەوانەش وشکەساڵی بەرهەمی گەنمی ئەمهریکای باکووری کەمکردووەتەوە، لە چینیش باران بارینی بەخوڕ و لافاو زیانی بە بەرووبوومەکان گەیاندووە. جگە لە بەرووبوومی مەترسی هەیە عەلەفی ئاژەڵیش روو لە کەمی بکات.
بەهۆی کەمی بەرهەم و خستنەڕوو، خواست نرخی دانەوێڵەی بەرزکردووەتەوە، بەهۆی گرانی نرخەوە، میسر، کە گەورەترین هاوردەکاری گەنمە، ناچار بووە تەنیا یەک بار گەنم بکڕێت کە ئەوەش کەمترین بڕە لە چەند ساڵی رابردوویدا، تورکیاش بە هەمان شێوە داواکارییەکی بۆ کڕینی 515 هەزار تۆن عەلەفی جۆ هەڵوەشاندووەتەوە، پاکستانیش کەمتر لە نیوەی ئەو گەنمەی پێویستییەتی کڕیویتی. بەردەوامی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنای جۆری دەلتاش ئەو پرسیارانەی وروژاندووە کە ئایا پێویستییەکان بۆ دانەوێڵە لە ئایندەیەکی نزیکدا چیان بەسەر دێت.
لە بۆرسەی شیکاگۆش لەسەرەتای ئەم مانگەوە نرخی گرێبەستە داهاتووەکانی گەنم بە رێژەی زیاتر لە سەدا 11 بەرزبووەتەوە، کە بەرزترین ئاستە لە هەشت ساڵی رابردوو.
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیس بوونی گەرما ژمارەیەک خۆراکی سەرەکی لە ژێر هەڕەشەدان. لە دیارترینان و ئەوەی زیاترین زیانی بەردەکەوێت گەنمە. کە سەدا 20ـی گەرمۆکەی تێدایە کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت. توێژەران دەڵێن، تەنانەت ئەگەر ولاتان سەرکەوتن لە راگرتنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بە بڕی دوو پلەی سەدی، بەڵام بەهۆی تەشەنە سەندنی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە کەشوهەوادا گەنم لە دوو بۆ سێ دەیەی داهاتوو دوو هێندە زیانی بەردەکەوێت.