عێراق رەزامەندی لەسە کشانەوەی کۆمپانیای BP لە کێڵگەی رومێلە دەردەبڕێت

کۆمپانیایەکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە

کێڵگەی نەوتی رومێلە
کێڵگەی نەوتی رومێلە

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر بڕیاری کۆمپانیای (بی پی) بۆ جێهێشتنی کێڵگەی رومێلە دەربڕی و کۆمپانیایەکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەبڕی کۆمپانیای بی پی، کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی کۆمپانیای بەسرە بۆ وزەی سنووردار دادەمەزرێت و خاوەنداری پشکەکانی بریتیش پێترۆلیۆم لە کێڵگەی رومێلە دەکات، بە شێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای پێترۆلی نیشتمانی چینی خاوەنداری کێڵگەکە دەکات، کە هاوبەشی کۆمپانیای بی پی بوو لە کێڵگەکە.

كۆمپانیای بی پی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەو پڕۆژە هاوبەشە نوێیەی عێراق رێگە بە کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم و پێترۆ چاینا دەدات، بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکە تا گرێبەستەکەیان لە 2034 تەواو دەبێت. کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، ئەو پڕۆژە هاوبەش رێگە بە لایەنەکان دەدات سوودمەند بن لە پارەدارکردنی دەرەکی.

کێڵگەی رومێلە لە ساڵی 1953 دۆزراوەتەوە، توانای بەرهەمهێنانی 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، و ساڵی رابردوو رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمهێنراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم رایگەیاندبوو، ئامانجیانە لەمەودا بە ئاراستەی وزە نوێبووەوەکان کار بکەن.