داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو 6.48 ملیار دۆلار بووە

لە مانگێکدا عێراق 90 ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە

كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان، وێنه‌: ئه‌رشیف
كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان، وێنه‌: ئه‌رشیف

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی تەمموزی رابردووی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ، بەراورد بە مانگی حوزەیرانی پێش خۆی زیادەی تۆمارکردووە.

لە داتاکاندا هاتووە، تێکڕای هەناردە لە مانگی تەمموزی رابردوو 90 ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل نەوت بووە، داهاتەکەی گەشتووەتە 6 ملیار و 480 ملیۆن دۆلار.

روونکراوەتەوە، لە رۆژێکدا 2 ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، هاوکات هەناردە لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق 87.46 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، لە کێڵگەی کەرکوویش بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا 3 ملیۆن و 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. 

تێكڕای نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت لە مانگی تەمموزدا 71.578 دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی حوزەیران 70.801 دۆلار بووە.

Fly Erbil Advertisment