حەسەن رووحانی: ئەگەر ئێران نەبوایە داعش ھەولێر و بەغدای داگیر دەكرد
"كوردانی ئێران لە كوردەكانی عێراق و سووریا و توركیا ئاسایشیان زیاترە"
K24 - ھەولێر
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی كوردستان و لە بەردەم ژمارەیەك لە خەڵكی ئەمشارە رایگەیاند، كە ئەگەر ئێران نەبووایە ھەولێر و بەغدا و دیمەشق لە لایەن تیرۆریستان داگیر دەكران و جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە كوردانی ئێران لە كوردەكانی عێراق و سووریا و توركیا ئاسایشیان زیاترە.
لە دووەم رۆژی سەردانیكردنی پارێزگای ورمێدا سەرۆك کۆماری ئێران حەسەن رووحانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری مەھاباد و لە یاریگەی ئەو شارە وەك چۆن لە ورمێ بە توركی بژی بۆ توركەكان گوت و لە مەھابادیش بە كوردی بژی بۆ كوردەكان گوت و راشیگەیاند، كە ئەوان نەبان داعش پایتەختی ھەرێمی كوردستانی دەگرت.
سەرۆك كۆماری ئێران ئەگەرچی دانی بەوەدا نا، كە كوردان كەمترین دەرفەتیان بۆ بەڕێوەبەردنی تەنانەت شارەكەی خۆشیان ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چەندینجار باسی لە ئاسایشی كوردان لە ئێران كردوو و گوتیشی كوردەكان بەر لە كوردبوونیان ئێرانی و موسوڵمانن.
حەسەن رووحانی لە یەكەم سەردانیدا بۆ پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان جگە لە شاری ورمێ تەنیا سەردانی شاری مەھابادی كرد و لەوێ بڕیاروایە ناوەندی پێترۆكیمیای ئەو شارە بەسەر بكاتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە خەڵكی شارەكە دەڵێن لەو پرۆژەیەشدا تەنیا 12%ی ھێزە مرۆییەکەی كوردن و ئەوانی دیکە ھەموو تورك و فارسن.