گۆڵپارێزه‌كه‌ی كوردستان ترسی له یاریی داهاتوویان هه‌یه
سه‌رهه‌نگ موحسین بۆ كوردستان24 ده‌دوێت
دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان له به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای یه‌كگرتوو، سه‌رهه‌نگ موحسین، گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان كه 2 یارییه گۆڵه‌كه‌ی به خاوێنی هێشتۆته‌وه، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئاماژه به یاریی داهاتوویان ده‌كات و به یارییه‌كی هه‌ستیار و زه‌حمه‌تیش وه‌سفی ده‌كات.
سه‌رهه‌نگ موحسین، گۆڵپارێزی دیاریی كوردستان و عێراق، كه ئێستا له جامی كۆنیفا به‌رگری له گۆڵی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی هه‌رێمه‌كه‌ی ده‌كات، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: یاریی داهاتوومان به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی پادانیا سه‌خته، چونكه ئه‌زموونێكی ناخۆشمان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه هه‌یه.
سه‌رهه‌نگ پێیوایه له یاریی داهاتوویانه‌وه، پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه بۆ ئه‌وان ده‌ست پێده‌كات و ده‌شڵێت: متمانه‌یه‌كی زۆرمان به‌خۆمان هه‌یه و هه‌وڵده‌ده‌ین له یاریی داهاتوومان به سه‌ركه‌وتن گرێكوێره‌ی پادانیا بكه‌ینه‌وه كه پێشتر دووجار رووبه‌ڕوویان بووینه‌ته‌وه دۆڕاوین.
سه‌رهه‌نگ له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه پیرۆزبایی له هه‌موو گه‌لی كورد ده‌كات و ئه‌م دوو سه‌ركه‌وتنه‌ی رابردووشی ده‌كاته دیاریی و دڵنه‌وایی بۆدایكی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌كانه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ڕۆژی پێنجشه‌ممه داهاتوو له كاتژمێر 3ـی ئێواره له یاریگه‌ی دینامۆ له ئه‌بخازیا، ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی پادانیا ده‌بێته‌وه، كه هه‌رێمێكه سه‌ر به وڵاتی ئیتاڵیایه و پاڵه‌وانی یه‌كه‌مین وه‌شانی جامی كۆنیفایه كه له 2014 له وڵاتی سوێد نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.