پچڕانی کارەبا نرخی نەوتی دابەزاند

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا بەهۆی مەترسییەکان لە پچڕانی کارەبا و لافاوەکانی لویزیانا دوای زریانی ئیدیا دابەزی، کە وایکردووە خواست بۆ نەوت لە لایەن پاڵاوگەکانەوە کەمبێتەوە. لە بەرامبەردا بەرهەمهێنەران تاوتوێی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان دەکەن.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە رێژەی 0.23٪ بۆ 73.24 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێ بەرێژەی 1٪ بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە مامەڵەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.19٪ بۆ 69.09 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

پێشبینییەکان بە ئەگەری وەستانی پاڵاوگەکان بەهۆی پچڕانی هێڵی کارەباوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی کردووەتە سەر بازاڕی نەوت.

بەهۆی زریانەکان نزیکەی شەش پاڵاوگە داخراون یاخود ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمرکردووەتەوە. کە 1.92 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیان دەپاڵاوت، نزیکەی 12٪ـەی کۆی وزەی پاڵاوتنی ئەمەریکا پێکدەهێنن.

بەرپرسێک لە لویزیانا ئاشکرای دەکات، ئەگەری هەیە پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەیان نزیکەی سێ هەفتە درێژە بکێشێت، هەروەها هەوڵەکانی چاککردنەوە و دووبارە بەگەڕخستنەوە وێستگەکان بەهۆی زریانەکان هێواش بووە.