نووسینگه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ چه‌ند رێنماییه‌كی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڵاوكرده‌وه‌

ده‌وامكردن به‌ شێوه‌ی ئاسایی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ گرتنه‌ به‌ری رێككاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا

یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر
یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێگه‌ی فەرمانێكی وەزاری، تایبه‌ت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022)، هەموو قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان (لۆکاڵ و بیانی و نێودەوڵەتی) ئاگادار كرده‌وه‌، كه‌ لە (14/ 9/ 2021) دەستپێکی دەوامی خوێندن دەبێت.

نووسینگه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، وه‌ك ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، چه‌ند رێنماییه‌كی راگه‌یاند، كه‌ بریتین له‌:

یه‌كه‌م/ ده‌وامكردن به‌ شێوه‌ی ئاسایی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ گرتنه‌ به‌ری رێككاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دووه‌م/ به‌خێوكاری قوتابیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئاره‌زوومه‌ند بن،  كه‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی و پاڵپشتی ماڵه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له‌ رێگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌یه‌ك كه‌ قوتابیان ته‌نیا له‌ تاقیكردنه‌وه‌ نووسینی وه‌رزی به‌شداری ده‌كه‌ن، دوو هه‌فته‌ش مۆڵه‌ت ده‌درێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی فۆڕمی به‌ڵێننامه‌، دوای ئه‌وه‌ قوتابی مافی ئه‌وه‌ی نامێنێت تا كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو پۆل له‌ قوتابخانه‌.

سێیه‌م/ رێنمایی وه‌رگرتنی به‌شه‌وانه‌كان و ساڵنامه‌ی خوێندن و شێوازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و پاڵپشتی زیاتری قوتابیان و خوێندكاران بۆ چه‌ند قۆناغ و پۆلێك، ئه‌مانه‌ دواتر رێنمایی و گشتاندنی بۆ ده‌رده‌كرێت، پێویسته‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن پێوه‌ی پابه‌ند بن.

چواره‌م/ پێویسته‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، له‌ پاش گشتاندنه‌كانی خاڵی سێیه‌م، ئاماده‌سازی بۆ رێكخستنی خشته‌ی وانه‌كان بكه‌ن.

پێنجه‌م/ سه‌باره‌ت به‌ یه‌كپۆشی قوتابیان و خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن، پێویسته‌ ره‌چاوی گشتاندنی ژماره‌ (12138) له‌ (15/7/2021)، بكرێت.

ده‌قی بڕیاره‌كانی وه‌زیری په‌روه‌رده‌
ده‌قی بڕیاره‌كانی وه‌زیری په‌روه‌رده‌

ك.ب