ژماره‌یه‌ك به‌ندكراوی فه‌له‌ستینی هاوشێوه‌ی "پریزن برێك" له به‌ندیخانه‌یه‌كی ئیسرائیل رایانكرد
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئیسرائیل رایانگه‌یاند، 6 به‌ندكراوی فه‌له‌ستینی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (6ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) له به‌ندیخانه رایان كردووه، هێزه ئه‌منییه‌كانیش به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.
شه‌ش به‌ندكراوی فه‌له‌ستینی، له به‌ندیخانه‌ی "جه‌لبوع" له ناوچه‌ی "بیستان" له باكووری ئیسرائیل هاوشێوه‌ی زنجیره‌ی "پریزن برێك" رایانكرد، كه یه‌كێك له راكردووه‌كان "زه‌كه‌ریا زه‌وبه‌یدی"، سه‌ركرده‌ی پێشووی "كه‌تائیب شوهه‌دا ئه‌لئه‌قسا"یه، كه سه‌ر به "بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح"ـه.
جگه له "زوبه‌یدی"، 5 به‌ندكراوی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی "جیهادی ئیسلامی" له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركردیه‌ی "بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح" رایانكردووه، ئه‌وانیش "مونازیل یه‌عقوب ئه‌نفیعات، محه‌مه‌د قاسم عاریزه، یه‌عقوب مه‌حموود قادری، ئه‌یهه‌م نایف كه‌مه‌مچی و مه‌حموود عه‌بدوڵڵا عریزه" بوون.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر شه‌ش به‌ندكراوه راكردووه، كه به زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزادرابوون، له هه‌مان ژووردا به‌ند كرابوون، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، كه له رێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی توێله‌وه له زیندانی "جه‌لبوع"ـه‌وه هه‌ڵاتوون.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و 6 كه‌سه له زیندانه‌كه رایانكرد، پۆلیسی ئیسرائیل ناو و وێنه‌كانیانی بڵاوكرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بناسرێنه‌وه و زوو ده‌ستگیربكرێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به هیلیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.
سووپای ئیسرائیلیش به‌په‌له پشتیوانییه ئه‌منییه‌كانی له ناوچه‌كه راگه‌یاند، تا رێگه له هه‌ڵاتنی ئه‌و راكردووانه بگرێت و به زووترین كات ده‌ستگیربكرێنه‌وه. به‌ڵام ئاماژه به‌وه ده‌كرێت، ره‌نگه له شه‌وه‌وه رایانكردبێت و له به‌ره‌به‌یانه‌وه گه‌یشتبن به شاری "جه‌نین"ی ژێرده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینییه‌كان، كه له‌وێوه نزیكه و ده‌كه‌وێته به‌ری رۆژئاوا.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا هه‌واڵی راكردنی ئه‌و زیندانییانه‌ی داوه، جوتیاره‌كانی ناوچه‌كه بوون، سه‌ره‌تا وایانزانیوه ئه‌وانه دزن، بۆیه به‌په‌له پۆلیسیان لێ ئاگاداركردووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "ویژدان بۆ چاودێری دیل و مافی مرۆڤ"ی فه‌له‌ستینی، زیندانی جه‌لبوع، كه ده‌كه‌وێته باكووری ئیسرائیل، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پسپۆڕانی ئێرله‌ندی درووستكراوه و له ساڵی 2004 كراوه‌ته‌وه، له رووی پاسه‌وانی و ئه‌منییه‌وه به یه‌كێك له زیندانییه تونده‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت.
د.ی