531 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر خەرج كرا
پڕۆژەکان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە

K24 - هەولێر
بە گوێرەی فەرمانی وەزاری بە ژمارە (7507)ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی زیاتر لە (531) ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر و ئێستاش ئەو پڕۆژانە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گوژمەیەی كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی داوە، (531,651,750) پێنج سەد و سی و یەك ملیۆن و شەش سەد و پەنجا و یەك هەزار و حەفت سەد و پەنجا دینارە كە لەسەر رێژەی %15ی داهاتی شارەوانی بۆ جێبەجێكردنی 24 پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر خەرج كراوە.
پێشتریش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی گوژمەی (348,942,000) ملیۆن دیناری دیكەی دابوو، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامە سەرەكییەكانی 40 و 60 مەتری لە كەرتی 8ی حەسارۆكی شاری هەولێر.
ئەو گوژمانە ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر بەرزتر دەكاتەوە، ئێستاش بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان كاركردن لێیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا كۆی پڕۆژەكان تەواو بكرێن، هەروەها وێڕای ئەو پڕۆژانە، پڕۆژەی دیكەش لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.