ئۆپهراسیۆنی ئازادكردنهوهی فەللووجە بەردەوامە و نهتهوه یهكگرتووهكانیش هۆشداری دهدات
ژیانی 20 ههزار منداڵ له مهترسیدایه
K24 - ههولێر:
عەقید وەلید دلێمی ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار رایگەیاند, هێزە عێراقییەکان لە شەڕێکی سەخت و قورسدان لەگەڵ چەکدارانی داعش، لە باكوور و باشووری فەللووجە.
وتیشی: "بوونی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و كردەوەی خۆكوژی و تۆپباران و بۆمبی چێندراو، ئهركی هێزەكانی سوپا و دژە تیرۆرو پۆلیسی فیدڕاڵییان قورستركردووهو بە ئاسانی ناتوانن شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە".
فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانی عێراقی پشتیوانی بۆ هێزەكانی عێراق لەسەر زەوی دابین دەكەن و بە چڕیش ئامانج و مۆڵگەکانی چەكدارانی داعش بۆردومان دەكەن.
زیاتر لە هەفتەیەكه، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی فەللوجە دەستی پێكردووه و تا ئێستاش بەردەوامە.
لهلایهكی دیكهوه، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ھۆشداریدا، نزیکەی بیست ھەزار منداڵ لە سەنتەری شارۆچكهی فەللووجەدا گیریانخواردووەو ژیانیان لەمەترسیدایە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: "لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەللووجە، کە زیاتر له ھەفتەیەکە دەستی پێکردووەو نزیکەی پەنجا ھەزار کەس ژیانیان لەمەترسیدایە، لە نێویاندا نزیکەی بیست ھەزار منداڵن و لە رەوشێکی خراپ و مهترسیداردان.
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە سەرجەم ھێز و لایەنەکان دەکات، کە ھەموو توانایەکیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی گیانی دانیشتوانی فەللوجە، بەتایبەتیش منداڵان و رێگهی رزگاربوونیان بۆ بكهنهوه، تاکوو بتوانن بەبێ ھیچ زەرەرو زیانێک لەو شارە دەربچن.
فەللوجە زیاتر لە دوو ساڵە لە ژێر دەستی داعشدایەو زیاتر له ههفتهیهكیشه، ھێزە عێراقییەکان به كۆنتڕۆڵكردنهوهی چهند ناوچهیهك توانیوویانە بهرهو سەنتەری شارۆچكهكه پێشڕەوی بكهن.