به ڤیدیۆ.. په‌یامنێری كوردستان 24 خه‌می خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێته سه‌رۆكی حكوومه‌ت
ئایا گه‌رمای هاوین به‌سته‌ڵه‌كی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌توێنێته‌وه؟
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م بارودۆخه پێویستمان به گفتوگۆیه و تا ئێستاش هیچ نه‌خشه رێگەیه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.
سه‌باره‌ت به دواكه‌وتن و نه‌هاتنی مووچه‌ش دەڵێت: "كێشه‌ی ته‌كنیكی به‌ربه‌ستی بۆ دروستكردووین و ئه‌گه‌ر پاره‌مان له‌به‌ر ده‌ست بێت، كێشه‌ی مووچه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
ئێستا هێزه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان به‌جۆرێك له یه‌كتر دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌كانی گه‌یشتن بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆش به‌ته‌واوی داخراون.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌ت، كه هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه ده‌ڵێت،: "هاویشتنی هه‌نگاوێك، بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه، پێویستی به گفتوگۆ هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نه‌خشه ڕیگایه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه".
له‌به‌رامبه‌ردا هاووڵاتیان به‌جۆرێك قسه‌ده‌كه‌ن، كه ناكۆكییه سیاسییه‌كان، كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر بژێوی ژیانیان دروستكردووه، به‌و ئومێدهشن، گه‌رمای هاوین، به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیان بتوێنێته‌وه.
قسه‌ی به‌شێك له هاووڵاتیانمان گه‌یانده سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌ڵێن، كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان نه‌هاتن و دواكه‌وتنی مووچه‌یه، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پاره‌مان له‌به‌ر ده‌ست بێت، كێشه‌ی مووچه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
هاووڵاتیان ده‌ڵێن، ئه‌و ڕیگایه‌ی ئێمه پێدا تێده‌په‌ڕین هه‌وراز و نشێوی زۆری تێدایه، بۆیه ئاواتدهخوازن، خه‌وێك بكه‌وێته سهرچاوانیان، تا له‌وكاته‌ی خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه، به‌و ئامانجه گه‌یشتبن كه ده‌مێكه چاوه‌ڕوانن.