خاڤیێر تیباس: دڵنیام رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا پەیوەندی بە قەیرانی دارایی یانەکەوە نەبووە

خاڤیێر تیباس
خاڤیێر تیباس

خاڤییر تیباس رەتیدەکاتەوە مێسی لەبەر نەبوونی پارە ریزەکانی بارسێلۆنای بەجێهێشت بێت و رەخنەی توندیش لە فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا دەگرێت.

خاڤیێر تیباس سەرۆکی دەستەی لالیگا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرت لەبارەی هۆکاری رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا دەڵێت: هەمووان من بەوە تۆمەتبار دەکەن هۆکاری رۆیشتنی مێسی بم، بەڵام من دڵنیام بارسێلۆنا بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە دەستبەرداری مێسی نەبووە، بەڵکو هۆکاری دیکە هەن، هاوینی داهاتوو کاتێک بارسێلۆنا راپۆرتی دارایی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە'.

هەروەها تیباس دەشڵێت: من تەلەفۆنم بۆ خوان لاپۆرتا کرد و لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی مێسی قسەم لەگەڵی کرد و ئامادەییم دەربڕی بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەک بکەین تا رێگاچارەیەک بدۆزینەوە، پێشتر لاپۆرتا لەگەڵ مێسی گەیشتبووە رێککەوتن و لاپۆرتا چەند جارێک تەلکەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم پێویستە گرێبەستی CVC خێرا بکرێت، چونکە مێسی هەست بە دوودڵی دەکات'.

تیباس هێرشێکی توند دەکاتە سەر لاپۆرتا و دەڵێت: پێم سەیرە لاپۆرتا دەڵێت گرێبەستی سندوقی وەبەرهێنانی CVC کاریگەریی خراپی لەسەر 50 ساڵی داهاتووی یانەکەمان دەبێت لەکاتێکدا لاپۆرتا بە تەلەفۆن پێشتر رێک پێچەوانەی ئەم قسەی بە من گوت، لاپۆرتا پیاوێکی درۆزنە'.

سەرۆکی دەستەی لالیگا رەخنە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەگرێت و دەڵێت: ئەم هاوینە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیگوت پێویستە سوپەرلیگ دروست بکەین چونکە یانەکەمان قەیرانی دارایی هەیە کەچی دواتر ئۆفەرێکی بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی کیلیان مباپێ کرد، لەوانەیە هاوینی داهاتوو ریال مەدرید بتوانێت مباپێ یان هالاند بکڕێت بەڵام بارسێلۆنا ناتوانێت ئەمە بکات، فلۆرێنتینۆ پێرێز بە تەواوەتی بارسێلۆنای کۆنتڕۆڵ کردووە و هەر ئەویش لاپۆرتای رازیکردووە پشتگیری سوپەرلیگ بکات، لەکاتێکدا ئەگەر یوێفا رێگری نەکردبا 20 شێخی عەرەبی کۆنتڕۆڵی یانەکانی ئەوروپایان دەکرد'.