رۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی: ته‌لئه‌بیب هه‌ست به‌وه ناكات ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكشێته‌وه
"ته‌واوی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاوه‌ڕێی رۆیشتنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن"
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی (جیرۆزالیم پۆست)، له چوارچێوه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی تایبه‌ت به كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ر واشنتن له‌و ناوچه‌یه‌دا بكشێته‌وه، ده‌ره‌نجام گرووپ و تاقمه تیرۆریستییه‌كان هێرشی گه‌وره ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئاماژه‌یپێكرد، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ته‌واوی دۆسییه ئه‌منییه جیهانییه‌كان، وا له گروپ و كۆمه‌ڵه تیرۆریستییه‌كان ده‌كات كه هێرشی گه‌وره بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بده‌ن.
روونیكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان كشایه‌وه، تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ی گرته ده‌ست، وای له حزبوڵلای لوبنانی و حه‌ماس كردووه كه باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌بێت و راسته‌وخۆ به‌ره‌نگاری ئیسرائیل ببنه‌وه.
جیرمی بۆب، نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته گوتی: سه‌باره‌ت به قسه‌كانی شه‌بتای شافیت، سه‌رۆكی پێشووی ئاژانسی مۆسادی ئیسرائیلی، كه رایگه‌یاندووه، رێگه به بایدن ناده‌ین رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێبهێڵێت.
ئاماژه‌یپێكرد، له باره‌گای په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له شاری (هرتسیلیا)ـی ئیسرائیلی، هه‌ریه‌ك له ئه‌هارۆن زهئیفی فهركاش، یهعكوف بیری و ئه‌فرایم هالیفی، سێ سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای مۆساد، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ژه‌نه‌ڕاڵی سه‌ربازی، كۆبوونه‌وه، تێیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كرا كه واشنتن به‌نیازه هێزه‌كانی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست كه‌م بكاته‌وه، بۆ ئه‌مه سه‌رۆكی پێشووی مۆساد ئه‌وه‌ی دركاند، تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی نیشان نه‌داوه ناوچه‌كه جێبهێڵێت.
له‌و كۆبوونه‌وه باسیان له‌وه كردووه، ته‌واوی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاوه‌ڕێی رۆیشتنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، به‌ڵام واشنتن له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا و سعوودیه، كه‌متر بووه‌ته‌وه، رۆیشتنیان له ئه‌فغانستانیش ده‌ستپێكی كشانه‌وه‌یان بوو له جیهاندا.
شافێت پێی وایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت رۆڵی سه‌ركردایه‌تی له ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت، ده‌بێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بمێنێته‌وه، هه‌ست به‌وه‌ش ناكرێت ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت وا به‌خێرایی ناوچه‌كه جێبهێڵێت.
نووسه‌ر نووسیوێتی، كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، وای له حه‌ماس كردووه كه بتوانێت رووبه‌ڕووی ئیسرائیل ببێته‌وه، بۆیه ده‌بێت ئیسرائیل گورزێكی سه‌ربازی بوه‌شێنێته غه‌ززه، تا نه‌یه‌ڵن حه‌ماس ناوچه‌كه بۆردوومان بكات.
زهئیفی فهركاش، له كۆبوونه‌وه‌كه رایگه‌یاند، پێویسته ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاته سووننه مه‌زهه‌به‌كان هاوپه‌یمانی دروست بكات، بۆ پارێزگاریكردن له مانه‌وه‌یان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
هالیفی پێی وابوو ئیسرائیل پێویستی به‌وه هه‌یه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حه‌ماس بكات، ده‌بێت ددانیش به‌وه دابنێت كه حه‌ماس هێزێكه (14) ساڵ ئیداره‌ی به‌شێكی فه‌له‌ستین ده‌كات.
زهئیفی فهركاش، پێی وایه له‌سه‌رده‌می بنیامین نه‌تانیاهۆ ئێران ده‌ستی گه‌یشتووه‌ته به‌رنامه‌ی ناووكی، (11)ـی سێپتێبهریش به‌هێزترین گورزی سه‌ربازی بوو به ئه‌مه‌ریكا كه‌وت.
به‌رپرسی هه‌واڵگری په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) روونیكرده‌وه، بوونی داعش و ئه‌لقاعیده و حه‌ماس له ناو ئینته‌رنێت، هۆكارێكه بۆ به چه‌كداركردنی خه‌ڵكی دیكه له داهاتوودا، هاوكاری كردنی وڵاته زلهێزه‌كانیش، ده‌بێته هۆكاری لاوازكردنی تیرۆر له‌ناوچه‌كه.
سه‌رچاوه: ساسه پۆست
ك.ب