ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت له‌ رێى پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانى يه‌په‌گه‌وه‌ پێگه‌ى خۆى به‌هێز بكاته‌وه‌

لەگەڵ ھاتنی داعش و داگیرکردنی ژمارەیەک شار و شارۆچکە لە عێراق و سووریا، چاودێران پێیانوایە ئێستا ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە لە سووریا، دووبارە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەھێز بکاتەوە.

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ ھاتنی داعش و داگیرکردنی ژمارەیەک شار و شارۆچکە لە عێراق و سووریا، چاودێران پێیانوایە ئێستا ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە لە سووریا، دووبارە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەھێز بکاتەوە.

ئەمریکا بە پشتگیریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە عێراق و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان، دەیەوێت جارێکی دیکە پێگەی خۆی لەو دوو وڵاتە و تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھێز بکاتەوە.

ئەمە گوتەی پسپۆرێکی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شارەزایە پێیوایە کە دووبارە ناردنەوەی ھێز لە لایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق و سووریا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتن ئامادە نییە ناوچەکە بداتە دەست رووسیا و ئێران.

رێناد مەنسوور، شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا گوتى: "بەھۆی ئەو بارودۆخە نوێیەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاتووەتە ئاراوە، پڕچەککردنی ھێزە ناوخۆییەکان و لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی وادەکات کە سنوورەکانی ھیچ گرنگییەکیان نەمێنێت، بەتایبەتی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا، بەڵام ھێشتا ئەمریکا دوودڵە لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکە".

ھەفتەی رابردوو، رووسیا پێشنیازی کرد مۆسکۆ و واشنتن، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە سووریا ئەنجام بدەن، بۆ نەهێشتنی ھەڕەشەی داعش لەو وڵاتە، بەڵام ھەر زوو ئەو پێشنیازە لە لایەن ئەمریکاوە رەتکرایەوە.

موسا حەمەد، پسپۆڕی سیاسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گوتى: "وەکوو دەزانین ئەمریکا ئەندامی رێکخراوی ناتۆیە و واشنتن نایەوێت وا تەماشا بکرێت کە دەست دەخاتە نێو دەستی رووسیا، لەگەڵ ئەوەش ئەمریکا دەیەوێ بە رێگەی تورکیا، پێگەی رووسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لاواز بکات، ھەر بۆیە ئەو پێشنیازەی رووسیا لە لایەن واشنتنەوە رەتکرایەوە".

چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە لەنێو ئەو گێژاو و ناسەقامگیرییەی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا بەناردنی ھێزی زیاتر دەیەوێت خێراتر بێت لە رووسیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە و داکوتانی رەگی ھێزی خۆی لەبەرامبەر وشککردنی رەگی کاریگەریی رووسەکان.