به جينۆسايد ناساندنى كۆمهڵكوژى ئهرمهنييهكان پهيوهندييهكانى ئهنقهره و بهرلين بهرهو كوێ دهبات
بن عهلى یهڵدرم پێشتر ئەو ھەنگاوەی ئەڵمانیای بە ھەنگاوێكی نا ئاقڵانە ناوبردبوو.
K24 – ههولێر:
پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ دانی بە جینۆساید ناساندنی رووداوەكانی ساڵی 1915دا نا، كە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئەرمەنی تێيدا بوونە قوربانی، ئەمە لە كاتێكدایە بن عهلى یهڵدرم پێشتر ئەو ھەنگاوەی ئەڵمانیای بە ھەنگاوێكی نا ئاقڵانە ناوبردبوو.
دوای زیاتر لە سەدەیەك پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆساید ناساندی رووداوەكانی ساڵی 1915 ی توركيا كە بە جینۆسایدی ئەرمەنییەكان دەناسرێت كۆدەبێتەوە، ھەرچەندە ئەڵمانیا یەكەم وڵات نییە ھەنگاوێكی لەو جۆرە بھاوێژێت، بەڵام بوونی ژمارەیەكی زۆر لە رەوەندی توركیا لە ئەڵمانیا و دۆستایەتی دێرینی ئەو دوو وڵاتە وا دەكات ھەنگاوەكەی ئەڵمانیا مەترسیداربێت بۆسەر داھاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەو كارەی پەرلەمانی ئەڵمانیای بە كارێكی نا ئەقڵانە ناوبرد.
سەرۆك وەزیرانی توركیا بن عهلى يهڵدرم گوتى: ھەندێك وڵات ھەن كاتێك بێئومێد دەبن لە سیاسەتی ناوخۆییان دێن بیرۆكەی ژیرانە دەخەنەڕوو و سەرنجی خەڵك بۆ لایەكی دیكە رادەكێشن، ئەم دەنگدانەی پەرلەمانی ئەڵمانیاش كارێكی لەو جۆرەیە، كاتێك راوێژكاری ئەڵمانیا پەیوەندی پێوەكردم و پیرۆزبایی لێكردم پێم گوت كە ئەڵمانیا دۆستی توركیایە، ئێمە ئەڵمانیا وەك بەردی بناغەی ئەوروپا دەبینین بۆیە ھیوادارین ئەڵمانیا ھەنگاوێكی نائاقڵانەی لەو شێوەیە نەھاوێژێت.
گوتيشى: مێركڵ وەڵامی دامەوە و گوتی: ھەموو شتێك دەكەم كە لە توانامدا بێت، بەڵام تۆ دەزانی ئەمە دیموكراتییەتە و پەرلەمان ھەیە منیش گوتم دەزانم كە ھەنگاوەكە سەركەوتوو نابێت، بەڵام ئەمە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە بۆ دۆستایەتی ئەڵمانیا و توركیا.
لای خۆیەوە ئەرمینیا داوای لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا كرد نەچنە ژێر باری ھیچ فشارێك و دەنگ بەو پرۆژە یاسایە بدەن، كە بەناوی یاسای "بەرز راگرتنی یادی جینۆسایدی ئەرمەنییەكان و كەمایەتییە كریستیانەكان"ە و پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كراوە.
ھاوكات لە شارە جیاجیاكانی ئەڵمانیا بە ھەزاران كەس لە رەوەندی توركیا لە ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان سازكرد بەو ئامانجەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ بەو پرۆژە یاسایە نەدات.
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەو كۆمەڵكوژییەی بە جینۆساید ناساند و بەم شێوەیەش چاوەڕوان دەكرێت ساردی بكەوێتە نێو پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا.
رووداوەكانی ساڵی 1915 یان ئەوەی ئەرمەنییەكان و ھەندێك وڵاتیش وەك جینۆسایدی ئەرمەنییەكان ناساندوویانە، زنجیرەیەك كوشتاربوون كە دەرھەق بە پێكھاتەی ئەرمەنی ناو توركيا ئەنجامدرا و بەگوتەی حكوومەتی ئەرمینیا نزیكەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ئەرمەنی لەو رووداوانەدا كوژراون، حكوومەتی توركیاش بۆچوونێكی جیاوازی لەو بارەیەوە ھەیە و ئەو رووداوانە وەك بەشێك لە جەنگی ناوخۆیی و ھێرشی سوپای رووسیا بۆ ئەو وڵاتە ناو دەبات.
ھەرچی لەبارەی كوردیشەوەیە ئەرمەنەكان لە كۆنگرەی پاریسدا دانیان بەوەدا ناوە كە كورد وەكوو گەل بەشداری جینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان نەبووە.