پاریس له واشنتن توڕه‌یه و بایدن داوای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له ماكرۆن كردووه
ماكرۆن هه‌ردوو باڵیۆزی ئوستراڵیا و ئه‌مه‌ریكای له فه‌ره‌نسا بانگهێشت كرد
K24- هه‌ولێر:
گابرێل ئاتال، گوته‌بێژی حكومه‌تی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوایكردووه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن له چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌نجام بدات، دوای ئه‌وه‌ی ئوسترالیا گرێبه‌ستی فرۆشتنی كه‌شتیگه‌لی ژێرده‌ریایی ناووكی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه.
ناوبراو بۆ ته‌له‌فزیۆنی (BMF tv) راشیگه‌یاند، ماكرۆن روونكردنه‌وه‌ی پێویسته، وه‌ك فه‌ره‌نسا پێویستمان به شڕۆڤه و ووردهكارییه تاوه‌كو متمانه بكه‌ین، له به‌رامبه‌ریشدا فه‌ره‌نسا باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكای له پاریس بانگهێشتكرد، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی بڕیاری كانبیرا.
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا فه‌ره‌نسا ئه‌مه‌ریكا به (درۆزن و دووڕوو) وه‌سف كرد، جیا له‌وه‌ش به‌ریتانیاشی به خۆپه‌رست ناوه‌زه‌د كرد، ئه‌میش له‌سه‌رو به‌ندی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكه‌وتنێكی كڕینی كه‌شتیگه‌لی ژێرده‌ریایی ناووكی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، ئه‌و هه‌نگاوه له‌لایه‌ن پاریسه‌وه به ترسناك وه‌سفكرا.
ماكرۆن باڵیۆزی ئوستراڵیای له فه‌ره‌نسا بانگهێشت كرد، بۆ ده‌ربڕینی تووڕه‌یی فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌كانی كانبێرا، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌به‌رامبه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی رێكه‌وتنی كڕینی كه‌شتیگه‌لی ژێرده‌ریایی ناووكی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، كه پێشتر ئه‌و رێكه‌وتنه له‌گه‌ڵ پاریس كرابوو.
ئه‌و ناكۆكییه‌ی كه له نێوانی كۆنه هاوپه‌یمانان دروستبوو، له‌كاتێكدایه كه واشنتن ده‌یه‌وێت ستراتیژییه‌تی ئاسایشی ئه‌وروپا په‌ره پێبدات، ئه‌ویش له رێگه‌ی به‌هێزكردنی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی، ناسراو به ناتۆ.
داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له نێوان واشنتن و له‌نده‌ن و كانبێرا، بووه هۆكاری نیگه‌رانبوونی هاوپه‌یمانه ئه‌وروپاییه‌كان و تووڕه‌بوونی چینیش.
جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا و سكۆت مۆریسنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوستراڵی، هاوپه‌یمانێتیه‌كی تازه‌یان له جیهان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه بۆ راگرتنی هه‌ژموونی چینی، جیا له‌وه‌ش ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانێتییه سه‌ربازییه‌كانی له دونیا دووباره داده‌ڕێژێته‌وه.
رێكه‌وتنه‌كه بریتییه له دابینكردنی كه‌شتیگه‌لی ژێرده‌ریایی ناووكی له لایه‌ن ئوسترالیاوه، له به‌رامبه‌ردا به‌ڵێن و رێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه كرابوو.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه چین ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه تازه‌یه‌ی به نابه‌رپرسانه وه‌سفكرد، له‌مباره‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاند، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی تازه، له نێوان ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئوسترالیا، له بواری ژێرده‌ریایی ناووكی، دۆخی جیهان و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی تێكده‌ده‌ن.
ئاماژه‌شیپێكرد، ئه‌مه وا ده‌كات پێشبڕكێی خۆپڕچه‌ككردن له جیهاندا ده‌ستپێبكات، هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی چه‌كی ناووكی له‌بار ده‌بات، هه‌رسێ وڵاتیشی به هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێكی سارد تۆمه‌تباركرد.
جان ئێف لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، ئه‌و رێكه‌وتنه تازه‌یه‌ی به بڕیارێكی خراپ وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، ئه‌مه چه‌قۆیه‌كه و له‌پشته‌وه لێماندرا، بۆیه هه‌ست به تووڕه‌بوون ده‌كه‌ین، چونكه ناكرێ ئه‌م شتانه له نێوان هاوپه‌یمانان روو بدات.
سه‌رچاوه: شه‌رق ئه‌وسه‌ت