ژنە لە یادکراوەکانی ئێزدی و ئهفغانی
بۆ نیگار مۆتیڤی ئەم پڕۆژەیە بە تایبەت قەدەری ژنانی ئیزیدی و ئەفغانیە
K24- ههولێر:
ژنە لە یادکراوەکان، نوێترین پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی شانۆکاری کورد نیگار حەسیب قەرەداخی یە و پێشکەشی هەموو ئەو ژنانەی دەکات کە لە لایەن کۆمەڵگە و ترادیتسیۆن و بە ناوی ئایین و سیاسەتەوە دەچەوسێنرێنەوە و دەخرێنە پەروێزی ژیان و پاشان لە یاد دەکرێن.
بۆ نیگار مۆتیڤی ئەم پڕۆژەیە بە تایبەت قەدەری ژنانی ئیزیدی و ئەفغانیە.
ئەو ژنانەی بەشێوەی دەرگا و پەنجەرە ژەنگاویەکانی ماڵێکی بەجێهێڵراو لەگەڵ زەمەندا ژەنگاوی تر دەبن.
نیگار بەمەبەستەوە تێکستی مانترایەکی هیندی بۆ ئەم پێرفۆرمانسە ڤیدیۆیەی هەڵبژاردووە و خۆی ئاوازی بۆ داناوە، هەر بە مەبەستیشەوە ئەم میلۆدیەی بە دوو دەنگ خستۆتە کار، دەنگی خۆی و دەنگی ئەکتەری کورد خاتوو شادە عومەر.
تێکستی مانتراکە (ڕاما دا سا ساسێی سۆهەنگ) بەم مانایە دێت: ڕا واتە خۆر، ما واتە مانگ، دا واتە خاک و زەوی، سا واتە بێ کۆتایی، ساسێی واتە کۆ/سەرجەم سۆهەنگ واتە تۆ بەشێکی لەمانە، نیگار قەرەداخی دەڵێت ساتێک سیاسەتمەدارەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و سەربازەکان لە ساتی کوشتن و بڕیندا سوکایەتی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنەکان دەکەنە چەکێکی بەهێز بۆ ملکەچکردنی بەرامبەرەکەیان، لە دوای جەنگیش پیاوەکان دیسان لەسەر مێزێک کۆدەبنەوە و دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتر و ژنەکان لە یاد دەکرێن، لای زۆربەی کولتوورەکانیش تەنانەت باس کردن لەم قوربانیانە شەرمەزاریە و چاکترە هەر باسی لێنەکرێت و لەبیربچێتەوە.
لە ڕێی ئیستاتیکی هونەریەوە، نیگار ئەم تێمایانەی خستووهته کار، لە ڕێی وێنە و فیلم و تێکەڵکردنیان بەیەک.
رەگەزی سەرەکی پڕۆژەکە دەرگا و پەنجەرەیە، هەروەها لادیوارێکی کۆن، پرۆتاگۆنیست لەژێر عەبایەکی ڕەشدایە، بە وێنە و فیلم، وێنەکان کە چەسپاون وەکو سێبەری ئەو فیگەرەی کە دەجوڵێت دەردەکەوێت.
فیگەرەکان زیاد دەبن، هەرجارەی بەشێوەیەک تا هەموویان دەکەونە سەمای ئازادی و هەوڵی کردنەوەی دەرگا ئاسنینەکان دەدەن، تا لە کۆتاییدا عەباکە بە لادیواری پەنجەرەی ژێر زەمینێکدا جێدێڵن و پەنجەرەکەش ون دەبێت و ڕووناکی خۆر لەگەڵ دەنگەکە دەمێنێتەوە. پەیامی نیگار ئەوەیە، کە کریاتیڤیتی هونەرمەندی داهێنەر بێ سنوورە.
هەموو ڤیدیۆییەکانی نیگار حەسیب لە کەناڵی تیڤی ئۆکتۆی نەمسا بەردەوام پیشان دەدرێن.