سوپای پاسداران:  58ـەمین درۆنی ئەمریکیمان لە گەرووی هورمز خستە خوارەوە

سوپای پاسداران لە رێگەی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی "نوێوە" درۆنێکی ئەمریکی لەسەر ئاوەکانی گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران درۆنێکی ئەمریکیی لە رێگەی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نوێوە کردووەتە ئامانج و تێکی شکاندووە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو درۆنە ئەمریکییە لە لایەن هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە لەسەر ئاوەکانی گەرووی هورمز خراوەتە خوارەوە.

سوپای پاسداران لەبارەی خستنەخوارەوەی ئەو درۆنەوە باسی لەوەش کردووە، "ئەمە 58ـەمین درۆنی جۆری (MQ - 9) ئەمریکییە لە سەرەتای جەنگەوە لە لایەن هێزەکانمانەوە دەخرێتە خوارەوە، ئامادەشین بۆ تێکشکاندنی کەرەستە و چەکی زیاتری ئەمریکی ئەگەر بەردەوام بن لەسەر دروستکردنی ئاژاوە و کێشە لە دەوروبەری ئێران."

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 17ی تشرینی دووەمدا سوپای پاسداران رایگەیاند، دەستیان بەسەر نۆیەم درۆنی جۆری "ئێم کیو ئێم-170"ـی ئەمریکی لە دوورگەی قشمدا گرتووە و هەمان رۆژیش فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پێگەیەکی مووشەکیی ئێرانیان لە قشم بۆردومان کرد.

گرژییە ئاسمانییەکانی گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئەو جەنگە فراوانەدایە کە لە 28ی شوباتی 2026ـەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە هەڵگیرساوە. پێشتریش لە جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025، چەندین درۆنی (MQ - 9) لە ناوچەکەدا خرابوونە خوارەوە. 

درۆنەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای "جێنەراڵ ئەتۆمیکس"ـی ئەمریکایە و بۆ کاری هەواڵگری، چاودێری و هێرشی ورد بەکاردێت، دەتوانێت لە بەرزیی نزیکەی 15 هەزار مەتردا بۆ ماوەی زیاتر لە 27 کاتژمێر بفڕێت و نرخی هەر درۆنێکی نزیکەی 30 بۆ 32 ملیۆن دۆلارە.