عهبادى هۆكارى سستكردنى ئۆپراسيۆنى فهلوجه ئاشكرا دهكات
ههروهها، فڕۆكهی هاوپەیمانی نێودهوڵهتیش هێرشهكانیان بۆ سهر سهنتهری فهللوجه راگرتووە.
K24 – ههولێر:
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتەیەكدا لە بەردەم فەرماندە سەربازییەكان، رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەلوجە سست کراوەتەوە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە هاووڵاتیانی مهدهنی لەو شارە ژیانیان له مەترسییە". ههروهها، فڕۆكهی هاوپەیمانی نێودهوڵهتیش هێرشهكانیان بۆ سهر سهنتهری فهللوجه راگرتووە.
قۆناغی یەکەم و دووەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە وەک عەبادی دەڵێت، بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات، بەڵام ئایا پرۆسەکە شکستی هێناوە یان نا؟ لەم راپۆرتە شیکارییەی کوردستان 24 دا چەند لایەنێکی ئەم بابەتە دەخەینەڕوو:
- گرنگترین خاڵ کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، هەڵکەوتەی سروشتی و دانیشتوانی فەللوجەیە، کە بە پاڵپشتێکی زۆری مرۆیی بۆ داعش هەژمار دەکرێت، یەکەم شاریش بوو لە عێراق کەوتە بندەستی داعش.
- راگرتنی بۆردوومانە ئاسمانییەکان لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان، کاریگەری زۆری هەیە بۆ درەنگ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە.
- هۆشداری و ئاگادارکردنەوەی بەردەوامی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوونی هەزاران هاووڵاتی مهدهنى لە نێو شارەکەدا.
- بەشێک لە میدیا عێراقییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زۆرێک لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپا تەنیا پارە لە عەبادی وەردەگرن، تاکوو ئێستاش فەرمان لە مالیکییەوە وەردەگرن.
- ئەمە لە کاتێکدا بوونی حەشدی شەعبی هۆکارێکە بۆ ناڕەزایەتی سوننەکان کە دەترسن لەوەی حەشد زیاتریان لە داعش بەسەر بهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی رەخنەکانی سعوودیە، رایگەیاند:" تاکو حکوومەتی بەغدا داوامان لێنەکات عێراق جێناهێڵین".
لە بەرامبەریشدا دەکرێت بگوترێت، پێدەچێ عەبادی تەنیا بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی مهدهنى شارەکە، کە داعش وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت، پرۆسەکەی راگرتبێت.
لە نوێترین کاردنەوەکانیشدا، ئەمڕۆ عەبادی رەتیکردەوە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی فەللوجە راگیرابێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان جڵەوی هەرە گەورەی ئاراستەکردنی رێڕەوی هاوكێشەکانیان بەدەستە و لەو ناوەندەشدا ئەوەی باجەکە دەدات هاووڵاتی ئاسایی عێراقە.