كام ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا زۆرترین ئه‌فغانیی وه‌رگرتووه؟
ویلایه‌ته‌كانی واشنتۆن و ئاریزۆنا دوو ویلایه‌تن كه له قۆناغی یه‌كه‌م نزیكه‌ی 1600 كه‌س وه‌رده‌گرێت
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئیداره‌ی بایدن ته‌واوی حاكمی ویلایه‌ته‌كان و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی ئاگاداركرده‌وه كه خۆیان ئاماده بكه‌ن بۆ پێشوازی له‌و ئه‌فغانیانه‌ی كه وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه.
به‌پێی رای دوو به‌رپرسی باڵای ئیداره‌ی بایدن كه به پێگه‌ی ئه‌كسیوس-ی وتووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئاراسته‌ی كۆچی په‌نابه‌ران ناڕوونه، به‌ڵام تا رۆژی 18ی ئه‌یلول (سێپتێمبه‌ری 2021) یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی ئه‌فغانییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یان 37 هه‌زار كه‌سه.
وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شێك له ویلایه‌ته‌كان پێشوازی له ژماره‌یه‌كی نادیاریكراو بكه‌ن كه هه‌زاران ئه‌فغانی له‌خۆده‌گرێت و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌مه‌ریكا.
به‌پێی راپۆرتێكی سی بی ئێس نیوز، له قۆناغی یه‌كه‌مدا كالیفۆرنیا زۆرترین په‌نابه‌ری ئه‌فغانی وه‌رده‌گرێت كه پێشبینی 5225 كه‌س ده‌كرێت.
به‌پێی سی بی ئێس ویلایه‌تی ته‌كساس دووه‌م ویلایه‌ته بۆ پێشوازی و 4481 كه‌س وه‌رده‌گرێت، ویلایه‌تی ئۆكلاهۆما به‌سێیه‌م ویلایه‌ت دێت بۆ پێشوازی له‌و ئه‌فغانیانه‌ی وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه و ده‌توانێت پێشوازی له نزیكه‌ی 1800 كه‌س بكات له قۆناغی یه‌كه‌م.
ویلایه‌ته‌كانی واشنتۆن و ئاریزۆنا دوو ویلایه‌تن كه له قۆناغی یه‌كه‌م نزیكه‌ی 1600 كه‌س وه‌رده‌گرێت.
ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومییه‌وه ئه‌وه‌ی وه‌رگرتووه كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا، هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی ماریلاند و میشیگان و فێرجینیا و میزووری و نۆرس كارۆلاینا و فلۆریدا ته‌نیا نزیكه‌ی 1000 كه‌س وه‌رده‌گرن.
هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی هاوای، وایومنگ، وێست ڤێرجینیا و ساوس داكۆتا ئاماده‌گییان تێدا نییه كه هیچ په‌نابه‌رێكی ئه‌فغانی وه‌رگرن.
به‌ڵام جاك ماركل حاكمی پێشووی ویلایه‌تی دیلاوێر كه له‌م دواییه سه‌رۆك بایدن دایمه‌زراندووه بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی سه‌ر له نوێ نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئه‌فغانییه‌كان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ته‌واوی حاكمی ویلایه‌ته‌كان كردووه بۆ ده‌ستنیشانكردنی ژماره‌ی پێشبینیكردنی ویلایه‌ته‌كه بۆ پێشوازی له ئه‌فغانییه‌كان.
به‌رپرسێكی باڵای ئیداره‌ی بایدن به پێگه‌ی پێگه‌ی ئه‌كسیوس-ی وتووه گفتوگۆكانی رۆژی 17ی ئه‌یلول تاراده‌یه‌ك ئه‌رێنی بووه و هیچ حاكمێك و به‌رپرسێكی ویلایه‌ته‌كان پێشوازی ئه‌فغانییه‌كانیان ره‌تنه‌كردۆته‌وه، وتیشی: "پێویسته بڵێین كه گفتوگۆی گه‌رمی حاكمی ویلایه‌ته‌كان پاڵنه‌رێكی گه‌وره‌یه بۆ پرسی نیشته‌جێكردنی په‌نابه‌ران".
به‌پێی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا تا رۆژی 19ی ئه‌یلول (سێپتێمبه‌ری 2021)، 53 هه‌زار ئه‌فغانی گه‌یشتوونه‌ته هه‌شت كه‌مپی سه‌ربازی ناو ئه‌مه‌ریكا و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی نیشته‌جێبوون تا هه‌موو په‌ڕاوه‌كانیان بۆ ته‌واو ده‌كرێت و شوێنی نیشته‌جێبوونیان هه‌ڵبژێرن، وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو جۆری ڤاكسینی دڕكه و مێكوته و كۆرۆنا ڤایرۆس-یان لێدراوه.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆ ئه‌و ئه‌فغانییانه‌ی كه له‌م دواییه له كابول-ی پایته‌ختی ئه‌فغانستانه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا گوازراونه‌ته‌وه له هیچ كه‌مپێكی سه‌ربازی نیشته‌جێ ناكرێن چونكه په‌ڕاوی كۆچبه‌ریی تایبه‌تیان ته‌واو كراوه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه 12 هه‌زار ئه‌فغانی كه پێشتر گه‌یه‌نراونه‌ته بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا و ئیمارات و قه‌ته‌ر تا رۆژی 16ی ئه‌یلول چاوه‌ڕوانی پشكنینی پێشینه‌ی ئه‌منیان كردووه و نه‌گوازراونه‌ته‌وه ئه‌مه‌ریكا.
رۆژی 18ی ئه‌یلوول گه‌شته ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه كۆچبه‌رانی ئه‌فغانیان ئه‌گواسته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا، وه‌ستێنرا، به‌پێی راپۆرتێكی سی بی ئێس هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری ئه‌فغانی كه گه‌یشتوونه‌ته كه‌مپی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا نه‌خۆشی دركه‌و مێكوته تێیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه.
ئیداره‌ی بایدن داوای له حكومه‌تی ویلایه‌ته‌كان كردووه كه تا مانگی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ری 2021) پێویسته 60 هه‌زار ئه‌فغانی نیشته‌جێ بكرێت و تا كۆتایی ساڵیش 30 هه‌زاری دیكه.