ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت تا 2022 چه‌ند په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت؟
پشكی شێر بۆ موسڵمانانی ئه‌م دوو وڵاته‌یه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
لێشاوی هاتنی ئه‌فغانییه‌كان به یاسایی و ئه‌مه‌ریكا لاتینی-یه‌كان به‌شێوه‌ی نایاسایی (قاچاغ) به‌رنامه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران تێكنادات، به‌ڵكو موسڵمانانی بۆرما و ئیگۆر كه به‌هۆی ئایینه‌كه‌یانه‌وه به‌ر لێشاوی زوڵم و سته‌م كه‌وتوون، پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت.
به‌پێی راپۆرتێكی سی بی ئێس نیوز، ئه‌مه‌ریكا ئامانجێتی كه له‌ماوه‌ی 12 مانگی داهاتوودا 125 هه‌زار په‌نابه‌ر بهێنێته وڵاته‌كه‌یه‌وه، هه‌روه‌ها به‌پێی پێشنیازێك كه پێشكه‌ش به كۆنگرێس كراوه پێویسته تا كۆتایی 2022 ئه‌و ژماره‌یه له‌ناو ئه‌مه‌ریكادا بن كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و به‌ڵێنه‌ی كه جۆو بایدن له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن داوێتی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دابه‌زینه مێژووییه‌ی ژماره‌ی په‌نابه‌ر، له‌سه‌رده‌ستی ئیداره‌ی تره‌مپ.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه ئه‌و ژماره‌یه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ری 2021) ه‌وه ئه‌ژمارده‌كرێت تا كۆتایی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2022) كه رێژه‌ی 733% زیاتره له‌و ژماره زۆر كه‌مه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشوو به‌خۆیه‌وه بینی كه ته‌نیا 15 هه‌زار په‌نابه‌ر بووه له‌ماوه‌ی 4 ساڵدا.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌و 125 هه‌زار په‌نابه‌ره‌ی بڕیاره بێته ئه‌مه‌ریكاوه ده‌بێته به‌رزترین ژماره له‌مێژووی ئه‌مه‌ریكا له‌دوای ساڵی 1990ه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا به سی ئێن ئێن-ی وتووه كه ئامانج له هێنانی ئه‌و ژماره‌یه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌و كه‌سانه بێنه ئه‌مه‌ریكاوه كه هه‌ڵاتوون له‌ده‌ست جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا، به‌ڵكو له‌زۆر لایه‌نه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه.
به‌پێی ئه‌و پرۆپۆزه‌ڵه 44 لاپه‌ڕه‌ییه‌ی كه پێشكه‌ش به كۆنگرێس كراوه پێویسته دابه‌شكارییه‌كه یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه بێت، به‌شێوه‌یه‌ك بێت ئیداره‌ی بایدن پلان دا‌نێت بۆ شوێنی 40 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فریقایی، 35 هه‌زار په‌نابه‌ری خۆرهه‌ڵاتی نزیك و باكوری ئاسیا، 15 هه‌زار په‌نابه‌ری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا، 15 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌مه‌ریكایی لاتین و ناوچه‌ی ده‌ریای كاریبی، 10 هه‌زار په‌ناربه‌ری ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و ئاسیای ناوه‌ڕاست و 10 هه‌زاریش بۆ كه‌سوكاری پله یه‌كی ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز هیچ سنوورێكی دیاریكراوی په‌نابه‌ر له بودجه‌ی 2022 جێی بۆ نه‌كرابۆوه كه ئیداره‌ی بایدنی ناچاركرد ژماره‌ی په‌نابه‌ران به‌رزكاته‌وه بۆ 62 هه‌زار له‌به‌هاری 2021دا جگه له كشانه‌وه‌ی له‌ناكاوی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له ئه‌فغانستان، له‌كاتێكدا له‌ماوه‌ی 11 مانگی رابردوودا 7 هه‌زار و 637 په‌نابه‌ر له ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێكراون.
راپۆرته‌كه‌ی زه نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووه كه به‌پێی به‌رنامه‌ی ساڵی 2022، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا تیشكی تایبه‌ت ئه‌خاته سه‌ر ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له ئه‌مه‌ریكای لاتین-ه‌وه به‌هۆی توندوتیژی و هۆمۆسێكسوال و ترانسجێندهرهوه وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌فغانیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئیشیان كردووه و نایه‌نه‌وێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی تالیباندا بژین، هه‌روه‌ها موسڵمانانی ئیگۆر كه تووشی توندوتیژی ئاینی بوون له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیستی چین-ه‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له هۆنگكۆنگ تووشی سزای سیاسی و ئه‌شكه‌نجه‌بوون، وێرای په‌نابه‌رانی بۆرما له‌نێویاندا كه‌مینه‌ی رۆهینگا-ی موسڵمان له خۆرئاوای بۆرما (میانمار) كه له‌به‌هۆی توندوتیژی ئاینیی و سته‌می حكومه‌ته‌وه ئاواره بوون.
له ئێستادا ئیداره‌ی بایدن له‌گه‌ڵ هاتنی 53 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فغانی بۆ ئه‌مه‌ریكا كه پێویسته تا كۆتایی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ری 2021) نیشته‌جێ بكرێن، رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی تری لێشاوی كۆچبه‌رانی نایاسایی بۆته‌وه له سه‌ر سنووری باكور (ئه‌مه‌ریكا- مه‌كسیك).
ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه زیاتر له 12 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌مه‌ریكای لاتین كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی هایتی-ین له‌سنووری باكور ماونه‌ته‌وه و چاره‌نووسیان نادیاره.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز به‌شی زۆری ئه‌و په‌نابه‌رانه خه‌ڵكی هایتی-ن و له‌دوای بومه‌له‌رزه‌كه‌ی 2010 و مانگی ئاب-ی ئه‌مساڵه‌وه وڵاتیان جێهێشتووه و زۆربه‌شیان بێكاریی و برسێتی بووه‌ته هۆی كۆچكردنیان.
شه‌وی 22ی ئه‌یلول، ئیلیزابێس نیومان باریدهدهری وه‌زیری پێشووی ئاسایشی ناوخۆ به ئه‌ی بی سی نیوز-ی راگه‌یاند: "ئێستا هه‌موو جیهان چاودێری مامه‌ڵه‌ی ئیداره‌ی بایدن ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌م لێشاوی كۆچبه‌رانه".
ره‌نگه په‌نابه‌رانی ئه‌مه‌ریكای لاتین ته‌نیا سوود له پرۆگرامی TPS وه‌ره‌گرن، به‌ڵام نیومان ده‌ڵێت: "پرۆگرامی TPS ته‌نیا بۆ ئه‌و ئه‌مه‌ریكاییه لاتینی-یانه‌یه كه له‌ناو ئه‌مه‌ریكادان، بۆیه هایتی-یه‌كان هه‌موو ئومێدیان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆگرامه هه‌ڵچنیوه كه ئه‌مه‌ش قورسه بۆ ئه‌وان، بۆیه رۆژانه ده‌ستگیرده‌كرێن و ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه- دیپۆرت-ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه".
پرۆگرامی TPS- Temporary Protected Status، بریتییه له یاسایه‌كی په‌نابه‌ریی كه ساڵی 1991 له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه دانرا كه بریتییه له نیشتهجێكردنێكی كاتی كۆچبه‌ری وڵاتان دوای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی ململانێی چه‌كداری به‌رده‌وام، رووداوی سروشتی، دۆخێكی تایبه‌ت بوونه‌ته‌وه.
هاتن بۆ ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی وشكانیی له‌نێوان سنووری ئه‌مه‌ریكا- مه‌كسیك ئه‌سته‌نگ و قورسه و رووبه‌ڕووی پۆلیسی پاسه‌وانی سنوور ده‌بنه‌وه و دوای ده‌ستگیركردن ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان، رۆژی 22ی ئه‌یلول ئه‌لیخاندرۆ مایۆركاس وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆ به ئاشكرا له كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا وتی: "ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی دێیت بۆ ئه‌مه‌ریكا، دڵنیابه ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ت و گه‌شته‌كه‌شت سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه ژیانی خۆت و خێزانه‌كه‌ت مه‌خه‌ره مه‌ترسییه‌وه".
ئیداره‌ی بایدن ئاشكرای كرد كه له سێ گه‌شتی ئاسمانی رۆژانه گه‌شتێكیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره هایتی-یانه‌یه كه ده‌ستگیرده‌كرێن له‌شاری دی ری‌و-ی ته‌كساس، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ندی 42.
به‌ندی 42 ، یاسایه‌كی سه‌رده‌می ئیداره‌ی تره‌مپ-ه بۆ رێگری له‌هاتنی په‌نابه‌ری نایاسایی له‌سنووری باكور دانرا به مه‌به‌ستی ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس.
هه‌رچه‌نده دیموكراته‌كان خۆشیان كۆك نین له‌سه‌ر سیاسه‌تی رێگری له كۆچبه‌ر به‌بیانووی به‌ندی 42، تشاك شومه‌ر سیناتوری دیموكراته‌كان، دوێنێ 23ی ئه‌یلول له‌هۆڵی ئه‌نجومه‌نی پیران، وتی:"دوا له سه‌رۆك بایدن و مایۆركاس وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆ ئه‌كه‌م، كۆتایی به‌م دۆخه بێنن و بیوه‌ستێنن و كۆتایی به سیاسه‌تی رێگری بێنن به بیانووی سیاسه‌تی به‌ندی 42 به‌رامبه‌ر په‌نابه‌رانی سنووری باكور".
ئێستا هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر شوێنێكی بچوكی په‌ناگه‌یه له‌شاری (دیل -ری‌و)ی ته‌كساس كه نزیكه‌ی 12 هه‌زار كۆچبه‌ر كه زۆریان خه‌ڵكی هایتی-ین له‌ژێر پردێكدا پهستێراون و گیریان خواردووه له‌ژێر خێمه‌ی بچوك.
یه‌كێك له‌و كۆچبه‌رانه ناوی جان بابتست ویلفر به ئه‌ی بی سی نیوز-ی وت: "به 11 وڵات‌دا تێپه‌ڕیووم تا گه‌یشتوومه‌ته ئه‌م سنووره و ئه‌مه‌ریكا، 4 ساڵ له وڵاتی چیللی مامه‌وه، ئه‌ترسم دهستگیركرێم و بمگێڕنه‌وه وڵاته‌كه‌م كه هایتی-یه، هه‌رگیز ناتوانم له‌وێ بژیم".