محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ریفراندۆم تاپۆیه‌كی ره‌شه له گیرفانی هه‌موو تاكێكی كورد
"ئه‌و تاپۆیه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا بێت و له هه‌ر شوێنێك بێت، كارتێكی چالاكه و ده‌توانین به‌كاری بهێنین"
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له یادی چوارساڵه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا ئه‌و یاده‌ی به گه‌وره له له مێژووی گه‌لی كورد وه‌سفكرد و له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه گه‌وره‌یه گوتی: 25ی ئهیلوول كه رۆژی ئه‌جامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه، ته‌واوكه‌ری مێژووی 2 هه‌زار و 721 ساڵه‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه و ئێستا و داهاتووی گه‌له‌كه‌مانه.
هه‌روه‌ها گوتی: 25/9 واتا رۆژێكی گه‌وره، رۆژی بڕیارێكی چاره‌نووسسازه، له مێژووی گه‌له‌كه‌مان ئه‌و جۆره بڕیاره نه‌دراوه و ناشدرێتهوه، ئه‌و رۆژه له‌لام رۆژێكی گرنگه و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، جێگری ئه‌وكاتی سه‌رۆكی هه‌رێم و ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه رۆڵێكی باڵا و كاریگه‌ریان هه‌بوو له سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئێستاش ئه‌گه‌ر پرسیار له هه‌ر تاكێكی كورد بكرێت كه چی ده‌وێت؟ له‌و وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: من سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیم ده‌وێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه هه‌موو كوردێك سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، به‌ڵام ریفراندۆم ته‌نها بۆ دڵنیابوونه‌وه بوو له‌و خواسته بۆ ناحه‌زانی گه‌لی كورد و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وابوو، كه گه‌لی كورد له‌گه‌ڵی نییه و دووپاتیكرده‌وه، ریفراندۆم وه‌ڵامێكی زۆر گرنگ و كاریگه‌ر بوو بۆ ئه‌و بۆچوون و گومانانه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وێڕای ئه‌و هه‌موو فشاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییانه‌ی له‌سه‌ر گه‌لی كورد هه‌بوون، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان توانی زیاتر له %93ی ده‌نگی به‌ڵێی خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جار بوو له مێژووی گه‌لی كورد، كه له‌ژێر ئه‌و هه‌موو فشاره گوێ به كۆت و به‌نده‌كان نه‌دات و به‌شداری له پرۆسه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌دا بكات.
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ریفراندۆم بووه‌ته تاپۆیه‌كی ره‌ش له گیرفانی هه‌موو تاكێكی كورد له‌سه‌رانسه‌ری جیهان، ئه‌و تاپۆیه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا بێت و له هه‌ر شوێنێك بێت، كارتێكی چالاكه و ده‌توانین به‌كاری بهێنین، واتا ریفراندۆم بووه‌ته مێژوویه‌ك له ئه‌رشیفی دۆست و دوژمنانی گه‌لی كورد.
ئاشكراشیكرد: "له ریفراندۆم دوو شتی گرنگم بۆ روونبووه‌وه، یه‌كه‌میان: میلله‌تێك له‌ژێر ئه‌و هه‌موو فشاره ناوخۆیی، هه‌رێمی و جیهانیدا به‌ڕێژه‌ی 93% ده‌نگی به‌ڵێیان بۆ ریفراندۆم دا، دووه‌میش: ئه‌وانه‌ی باسی دیموكراتی و مافی نه‌ته‌وه و مافی مرۆڤیان ده‌كرد، نه‌یانتوانی داوای گه‌لی كورد قبووڵ بكه‌ن، واتا قسه‌ی ئه‌وان هه‌موویان بڵقی سه‌ر ئاون و نه‌یانتوانی سنووری مانشێتی رۆژنامه‌كان تێپه‌ڕێنن"، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به ناوی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، به‌غدا و هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی ناوخۆیی كوردستان كرد، كه به تابووری پێنجه‌م ناویبردن و به گوته‌ی خۆی، ئێستاش ئه‌و لایه‌نانه له به‌غدا كار بۆ ئه‌و ئه‌جێندایه ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌كێك له مه‌به‌سته‌كانی من حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه، كه دوای سه‌دام، عه‌بادی تاوانبارترین كه‌سه كه هات به تانك و زریپۆش له كه‌ركووك به‌سه‌ر پێشمه‌رگه كه‌وت".
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێمه وامانزانی عێراقی نوێ عێراقێكی دیكه‌یه و له‌و باوه‌ڕه‌دابووین كه ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وانی دیكه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌یان لا په‌سه‌نده، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ته‌نانه‌ت ئێران و ئه‌مه‌ریكا له سنووری تازه خورماتوو كه ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌میان له‌نێوان بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕابوون، كه كه‌ركووك له كورد وه‌ربگیرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی نیشاندا كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌وه زیاتر بوون كه باس له مافی مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراو بكه‌ن.