به‌هۆی ئازایه‌تی و راستگۆیی سه‌رۆك بارزانیم خۆش ده‌وێت

ساڵح موتڵەگ

سالح موتڵەگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی حیوار
سالح موتڵەگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی حیوار

K24 – هەولێر:

ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی حیوار، له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌ت به‌ كوردستان 24، له‌ باره‌ی رووداو پێشهاته‌كانی عێراق ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگ كرد و رایگه‌یاند، سەرۆک مه‌سعود بارزانی کەسێکی راستگۆ و ئازایه‌ و منیش كه‌سی راستگۆم خۆشدەوێت.

ساڵح موتڵه‌گ راشیگه‌یاند، بەشێک له‌ ململانێی سووننه‌كانی عێراق کەسین، چونکە ئەو نەوەی ئێستا هاتوون، بەهۆی پرسی نیشتمانییەوە سەرنەکەوتوون، بەڵکو بۆ پرسێکی کەسیی و بۆ خۆیەتی.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌:

* بەڕێز ساڵح سڵاوت لێبێت

سوپاس بەخێربێن

* بەخێربێیت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە بۆ کوردستان 24 و ئەم دەرفەتە.

بەخێربێن کوردستان و گەلی کوردستان.

* بەڕێز ساڵح با لە هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێبکەین، هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو، ئێوە لە یەکێک لە چاوپێکەتنەکاندا گوتتان گۆڕانکاری روونادات هەڵبژاردن بکرێت یان نا، ئەمە بە واتای عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێت؟

ئەوەی من لە 2003 گوتم، روویدا، ئەوەی لە 2005 گوتم روویدا، ئەوەی لە 2006یش گوتم روویدا، هەروەها دواتریش، ئەوەی ئێستا دەیڵێم موزایەدە و بانگەشەی لەسەر بنچینەی زانیاری دیاریکراو نیە، بە دڵنیاییەوە من هەڵسەنگاندن دەکەم، چونکە سبەی مێژوو سزامان دەدات، کاتێک بڵێم گۆڕانکاری گەورە روودەدات و روونەدات، هاووڵاتی گازاندەم لێدەکات، بۆیە کاتێک لێدوانێک دەدەم دەزانم چ دەڵێم، لەسەر بنچینەی ئەوەی ژینگەیەکی لەباری هەڵبژاردن بۆ هاووڵاتی نییە کە دەیەوێت خزمەت بە وڵاتەکەی بکات، پرسێکی هەیە و دەیەوێت لە هەڵبژاردن سەربکەوێت، هەمان ئەو هێزە تەقلیدیانە دەگەڕێنەوە، بۆ ؟ چونکە پارە و چەکیان هەیه‌ و دەتوانن ساختەکاری بکەن، تواناکانی دەسەڵات لەلای ئەوانە، لە بەرامبەردا کەس هەیە، پارەی نییە چەند وێنەیەک هەڵواسێت، بە داخەوە ویستییان کۆمەڵگە برسی بکەن، دواتر ملکەچی بکەن، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو حاڵەتەی ئیتر تەواو سوودی نییە و گۆڕانکاری روونادات، بۆیە با پاروویەک نانی رۆژانە یان هەفتانەم دەستکەوێت، باشترە لەوەی هیچم دەستنەکەوێت، چونکە لە ئەنجامدا هەر هیچم دەست نەکەوتووە، بۆیە دەچێت دەنگ بەو کەسە دەدات کە چەند فلسێک، یان کارتێکی مۆبایل و بەتانییەکی پێدەدات، ئەمە حاڵی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە برسی و ملکەچکراوی دەستەڵاتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە متمانەی بەهێزمان بە گەل هەیە، کە بەها و ئەخلاق و مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام من لە 2004 و 2005 هۆشداریمدا لە بارەی شتێکەوە، گوتم گرنگ نیە داگیرکار چەند ژێرخانی وڵات وێران دەکات، لە سەر ئاستی خوێندنگا، زانکۆ و کارگەکان، گرنگ ئەوەیە پرەنسیپی نیشتمانی بمێنێتەوە، ئەمە ئەگەر لەزری و رووخا، عێراق وێران دەبێت، من لەو بڕوایەدام تا ئاستێکی زۆر ئەم بەها نیشتمانی و ئەخلاقییەیان لە کۆمەڵگەدا لەرزاند.

* بەڕێز ساڵح وەک دەزانیت هەڵبژاردنی پێشوەختە خواستی خۆپیشاندانەکان و شۆرشی تشرین بوو، ئایا بەرای تۆ ئەوانەی شۆرشی تشرینییان کرد، دەگەنە ئەنجومەنی نوێنەران، یان با بڵێین سەربەخۆکان دەتوانن، کاتێک ئەوان پارە و چەک و حزبییان نییە؟

چۆن بگەن؟ کاتێک هۆکارەکانی ئەم هەڵبژاردنە و بەها نیشتمانی و ئەخلاقییەکان گەیشتبنە ئەم ئاستە، چۆن سەردەکەون، ئەگەر سەدا 80ی گەلی عێراق بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و حزبە تەقلیدییەکان رەتدەکەنەوە، چۆن ئەوانی دیکە سەردەکەون، ئەوان لە حاڵەتێکدا سەردەکەون، ئەگەر راپەڕینێکی راستەقینە بکرێت و سەدا 90 بۆ 80 خەڵک بەشداری تێدا بکات، ئەو کات ئەم دەموچاوانە دەگۆڕێن و نوێ دێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بەشداری فراوانی کۆمەڵگە نیە، چونکە کۆمەڵگە هیوابڕاو بووە لە پرۆسەی سیاسی و سیاسییەکانی ئێستا، هەروەها هیوای بە گۆڕانکاری راستەقینە لە عێراق نەماوە، هەڵبژاردنی 2018 کرا، بەبەرچاوی هەمووانەوە ساختەکاری کرا، بە بەرچاوی دەستەڵات و دەوڵەت، ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری، دەستپاکی و چاودێری دارایی هەموو ئەمانە گوتییان ساختەکاری روون کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنەکان وەک خۆی رۆیشت، جا چۆن هاووڵاتی دوای 3 یان 4 ساڵ متمانەی هەبێت، کە لەوانەیە شتێک بگۆڕێت، دەڵێت ئەوەی لە 2018 روویدا ئەمجارەش روودەداتەوە، ئەوەی لە 2018 روویدا گورزێک بوو لە دیموکراسی لە عێراق، گورزێک بوو لە گۆڕانکاری وڵات، ئەوان دەڵێن ئێمە هەین، بە ساختەکاری و بەهێز بێت هەر سەردەکەوین، لەگەڵمانن باشە لەگەڵمان نین ئێمە هەر دەیبەینەوە، کۆمەڵگە گەیشتووەتە ئەم بڕوایە، بۆیە ئەستەمە بەشداری فراوان هەبێت، گۆڕانکاری دروست بکات و سەربەخۆکان، کەسانی پاک و خاوەن پرۆژەی راستەقینە سەربخات، کە دەیانەوێت خزمەتی وڵات بکەن، کاتێک ئەو بابەتەی ناوچەیەیی هاتە نێو هەڵبژاردنەکانەوە.

* دەوترێت ئەم یاسای هەڵبژاردنە خراپترینە؟

ئەمە بەشێوەیەکە کاندید نایەت خزمەت بە عێراق بکات، هاتووە خزمەت بە ناوچەیەکی دیاریکراو بکات، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەموو عێراقە نەوەک بۆ گوند، ناحییە و قەزایەک، نوێنەرایەتی هەموو عێراق دەکات، ئەرکەکەی داڕشتنی یاسایە بۆ عێراق، ئەرکی چاودێریکردنی حکومەتە و بۆ ئەوەی عێراق باش بێت، ئێ باشە دێت یاسا بۆ ناوچەکەی دادەڕێژێت، یان بۆ هەموو عێراق، ئەوانەی جەماوەرییان لەهەموو عێراق هەیە، چیتر هەلی سەرکەوتنییان نابێت، ئەوەی سەردەکەوێت سەربە هۆزێکی بەهێز و ئەوەی پارەی زۆر و ئەوەی نزیکە لە دەسەڵاتەوە و ئەوەی دەیەوێت ساختەکاری بکات ئەوەی چەکی هەیە، هەموو ئەمانە هەلی سەرکەوتنییان هەیە، بەڵام ئەوەی خاوەن پرسە و دەیەوێت خزمەت بە وڵات بکات، لە باکوورەوە تا باشوور، هەلی نابێت، هاووڵاتییەکی ئاسایی کاتێک خۆ کاندید دەکات و دەیەوێت سەربکەوێت و خزمەت بکات، لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان نابێت، بەڵام ئەوەی لەگەڵ حزبەکان دەچێتە هەڵبژاردنەوە، زۆرینەیان ناڵێم هەموویان، دەچنە پاڵ ئەو فراکسیۆنەی زیاتر پارە بدات، لەگەڵ ئەو فراکسیۆنە دەبێت، کە ملیارێکی پێدەدات، نەوەک بچێتە پاڵ ئەو فراکسیۆنەی 30 یان 40 و یان 50 ملیۆنی پێدەدات، رەچاوی ئەوە ناکرێت فراکسیۆنەکە خاوەن پڕۆژەیە یان نا، چۆن خزمەت دەکات، ئەمە بەلایەوە گرنگ نییە، دەچێتە پاڵ ئەو فراکسیۆنەی زیاتر پارە دەدات، سەرکەوت ئەوە سەرکەوت، سەریش نەکەوت ئەوە هەندێک پارەی خستە گیرفانەوە و کاروباری بەڕێدەکات.

* بەڕێز ساڵح، ئێوە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و کشاونەتەوە؟

ئێمە هەرزوو کشاینەوە.

* هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان کشانەوە و پەشیمان بوونەوە؟

ئەمە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، ئێمە بەڵێنمان بە جەماوەر و گەلەکەمانداوە ئەو بڕیارەی دەیدەن و ئەوەی بڕوامان پێیەتی راستگۆیین لەگەڵیدا، کاتێک دەڵێین کشاینەوە ئەوا کشاوینەتەوە، تەنیا ئەگەر کەشی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردابێت، کە ئێستا گۆڕنکاری بەسەردا نەهاتووە و پارەی سیاسی هەیە، کە زۆربەی پارەی گەندەڵییە، چەکی لە یاسا دەرچوو ماوە، هەروەها حزبی سیاسی هەیە حکومەت و داهاتەکەی بە خراپترین شێوە بەکاردێنێت، بەشێوەیەک کە کاندید لەبری ئەوەی خاوەن پڕۆژە بێت، بووتە سەرۆکی شارەوانی رێگاکان قیرتاو دەکات، هاوکاری بەسەر ئەم و ئەودا دابەش دەکات، پلەی وەزیفی لە وەزارەتێکەوە دێنێت و خەڵک دادەمەزرێنێت، ئەوکاتەی پلەی وەزیفی هەبوو، ئێستا نییە، خزمەتگوزاری کاتی پێشکەش دەکات، بەڵام کەسێکی دیکە ئەوەی خاوەن پرس و پڕۆژەیە، هەموو ئەمانەی لە بەردەستدا نییە، دواجار ئەستەمە سەربکەوێت، بۆ وەڵامدانەی پرسیارەکەی سەرەتا، سەرکەوتنی وا بەدەست نایەت، کە بتوانێت گۆڕانکارییەکی رێژەیی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدیبێنێت، ئەگەریش کەسانێک هەبن سەربکەون لە ژمارەی پەنجەکان تێناپەڕن، بەڵام بڵێیت رێژەی سەرکەوتن بەشێوەیەک دەبێت، کە قورسایی گەورەی هەبێت، من بە هیچ شێوەیەک لەو بڕوایەدا نیم، هەروەها بەشێک لەو هێزانەی بە تشرینی ناودەبرێن، چوونەتە ناو حزبەکان، واتا دەنگی تشرینییەکانییان دزیووە و بەڵام لە راستیدا رێککەوتنییان لەگەڵ حزبەکان کردووە، ئەمانە لەوانەیە هەلێکییان هەبێت، هەرچەندە لە راستیشدا حزبەکان متمانە بەو جۆرە کەسانە ناکەن، زیاتر متمانە بە ئەندامانی خۆیان دەکەن، بەڵام جۆرێک لە پشتییوانی دەبن بۆیان و دواجار سەربکەون.

* بەڕێز ساڵح ئێوە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و هۆکارەکانیشت باس کرد، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی سوننە لە پەرلەمان دەبێت، واتا کشانەوەی ئێوە کارناکاتە سەر ژمارەی ئەندامانی سوننە لەناو پەرلەمان؟

من نازانم تا چەند کاریگەری دەبێت، ئێمە لە سەرەتاوە بە برایانمان لە فراکسیۆنەکانی بەشدار گوت، وەرن با یەک فراکسیۆن دروست بکەین، کە نوێنەرایەتی ئەم کۆمەڵگەیە بکات، کۆمەڵگەی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان، کە کەوتنە بەر زیانی تیرۆر و داگیرکاری، بەشێوەیەک کە تا چەند بتوانین کاریگەریمان لەناو پەرلەمان هەبێت، بەشێوەیەک کە جۆری بین و خاوەن پرس بین لە ناو پەرلەمان، ئەگەر نەشتوانن ببنە یەک فراکسیۆن، لیژنەیەکی هەماهەنگی لە نێوانتان دروست بکەن، بەشێوەیەک کە گونجاوترین کاندید دیاری بکەن، جا گرنگ نەبێت ئەو فراکسیۆنە زیاتر دەنگ دێنێت یان ئەوەی دیکە، بەڵکو ئەوەی گرنگ بێت، هەموو ئەو فراکسیۆنانە چەند کورسی بەدەست دێنن، کە بتوانن گۆڕانکاری لە پەرلەمان دروست بکەن، نەمانتوانی برایان رازی بکەین، بۆیە هەرکەسێک گەیشتە ئەو بڕوایەی تاچەند دەتوانێت خۆی دەنگ بێنێت، بۆ ئەوەی پۆستێکی دیاریکراو وەربگرێت، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی ئەو ژمارەیە باشە، باش نییە، یان کەسێک دەردەچێت کە تەنیا لە پەرلەمان دادەنیشێت و دەست بەرز و نزم دەکاتەوە، بە داخەوە بەم ئاڕاستەیەدا رۆیشتن، بۆ ئەمەیان کرد، چونکە زۆربەی ئەو فراکسیۆنانە، پەیوەندی دەرەکییان هەیە، کاریگەری دەرەوەیان بەسەرەوەیە، نەوەک ناوخۆی عێراق.

* ببورە بەڕێز ساڵح، ئەم لێکترازانەی ماڵی سوننە هۆکارەکەی چییە؟

بەشێکییان ململانێی کەسین، چونکە ئەو نەوەی ئێستا هاتووە، بەهۆی پرسی نیشتمانییەوە سەرنەکەوتووە، بەڵکو بۆ پرسێکی کەسی و بۆ خۆیەتی، نەوەک وەک نەوەی پێشوو، کە بە دوای پۆستەوە نەبوو، بەڵکو دەیەوێت پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکات، پارێزگاری لەو ناوچانەش بکات، کە پێشێلکاری تێدا دەکرێت، نەوەی ئێمە بەرەنگاری هەموو ئەو ستەمانە دەبووەوە کە لە ناوچەکانمان هەبووە، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی تاچەند لەلایەن هێزەکانی دیکەوە ئیمتیازاتمان لە سەر ئاستی کەسی پێدەدرێت یان نا، بۆیە بە راشکاوی دەڵێم ئێمە لە ململانێدابووین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، ئەوان رێگەیان پێنەداوە وەک هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دیکە بکەن، تەنیا بە دوای ئەوەن خەڵکانێک لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، ئەمە لە لایەن وڵاتانەوە کاری لەسەر کراوە، پێیانگوتراوە بەسە با ئەو کەسانە پشتگوێ بخرێن کە ئێوە و ئێمە ماندوو دەکەن، بڕۆن کەسانی دیکە بێنن، کە بەخواستی ئێوە بن، بە کردەوەش لە ساڵی 2018، بەم ئاراستەیەدا رۆیشتن، کەسانی لەم شێوەیەیان دەرخست، بە واتای هێنانی کەسێکی لایەندار، نەوەک هاوشان، کەسی بەهێز نا، کەسێکی لاواز، کەسێک کە فەرمانی بەسەردا بکرێت، نەوەک کەسێکی فەرمانی ئەوانی دیکە رەتبکاتەوە، چونکە خاوەن رایەکی جیاوازە و پرسێکی هەیە بەرگری لێدەکات، پرسەکە لە بەرامبەر بەرژەوەندی کەسی توایەوە، بە واتایەکی دیکە، ئەمەی بۆت باس دەکەم، لە یەکێک لە سەرکردە کوردەکان گوێم لێبوو، بەڕێز فازڵ میرانی بوو گوتی، جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوانەی بڕیار دەدەن و کاردەکەن، چونکە ئەوەی کاردەکات، خاوەن پیشەیەکە، ئێستا خاوەن پیشە هاتوونەتە شوێنی ئەوانەی ئەرکییان لە ئەستۆ دابووە، نەوەی پێشوو ئەرکی لە ئەستۆدابووە، نەوەی پیشە نەبووە، نەوەی ئێستا زۆربەیان پیشەیین، نەوەک ئەرکییان لە ئەستۆدابێت.

* بەڕێز ساڵح بابێینە سەر واقیعی ئێستای عێراق، بەڕێزت دەزانیت، عێراق فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەبە، دەمەوێت پرسیارەکەم بە راشکاوی وەڵام بدەیەوە، لە بارەی فیدڕاڵیەت، یان هەرێمەکان، ئایا باشترنییە دوو هەرێم هەبێت، ئەمە عەیبە نییە، سویسرا ببینە، 26 هەرێم و چوار نەتەوەش تێیدا دەژین، هیچییان لەگەڵ شەڕ ناکەن، بۆ نابێت هەرێمێک بۆ شیعە و یەکێک بۆ سوننە، هەروەک بۆ کورد هەیە، بەغداش پایتەختی هەمووان بێت، ئەمە بۆ عێراق و بۆ ژیان باشتر نییە؟

ئەگەر وەک سویسرا بین، ئەم بابەتە باشە، بەڵام ئێمە سویسرا نین، بەڵام ئێمە عێراقین و کۆمەڵگاکەمان وەک سویسرییەکان نییە، ئێمە ناکۆکی لە پەیوەندییەکانمان دروست دەبێت، خەڵک هەیە نەوت و ئاوی هەیە، هەندێک شت هەیە، ناکۆکی لەسەر دروست دەبێت، من ترسێکم هەبوو لەوەی ململانێ دوای پێکهێنانی ئەو هەرێمانە دروست بێت، هیوام دەخواست هەموو عێراق یەک ناوچە بێت، چونکە هەموومان بەهێز دەبین، بەڵام بەداخەوە هێزە باڵادەستەکانی دوای داگیرکاری، زۆربەیان کارییان کرد کە لەوەی ئەو هەستەی هەمان بوو لە سەر یەکگرتووی عێراق و جوانی پێکەوە ژیان و ئەمانە، هاووڵاتی هەست بکات ئەم شتە نایەتەدی، ئێستا ئەگەر لە هاووڵاتی بپرسیت، ئایا هەرێمی سوننە باشترە بۆت، یان یەک وڵاتی، دەڵێت ئاسودەییم پێبدە بە شکۆمەندییەوە بژیم، لەوە باشترە لەوەی ئێستا تێیدام، رێگەم پێنادرێت هێزێک لە کۆمەڵگەم دروست بێت پارێزگاریم لێبکات، دەبێت هێزێکی دەرەوەی کۆمەڵگەکەم بێت و پارێزگاریم لێبکات، رێگەم پێنادەن وەک ئەوانی دیکە مافم هەبێت، ئەگەر ئێستا بچیتە فەرمانگەکان دەبینیت، هیچ فەرمانگەیەک نادۆزیتەوە خەڵکی ناوچەکانی خۆی تێدا بێت، چونکە فراکسیۆنەکانی دیکە، دەست بەسەر سەرجەم پۆستەکانی وڵاتدا گرتووە، هاووڵاتی هەست بە غوبنێکی زۆر دەکات، هەرچەند بەوەش رازییە تەنیا ئاسودەیی بۆ دابین بکرێت.

* بەرێز موتڵەگ، وەک دەوترێت بۆ هەموو کردارێک پەرچەکردا هەیە، دەبینین لە هەندێک ناوچەی سوننەنشین جۆرێک لە بەشیعەبوون هەیە، ئایا پێشبینی دەکەیت، پەرچەکردارێکی توند لەبەرامبەر ئەمە هەبێت؟ ئەمە واقیعە لە بەسرە لە روومادی و تکریت؟

سەرەنجام ئەگەر ئەمە رووبدات، راپەرینی جەماوەری سەرهەڵدەدات، راپەڕینی پێکهاتەیەک، کەس ئەمە قبوڵ ناکات، نە شیعە قبوڵییەتی ناچار بکرێت ببێتە سوننە، نه‌ سووننه‌ش قبوڵیه‌تی بە زۆر بکرێتە شیعە، جارێکییان سەردانی جورفولسەخرم کرد، پێش ئەوەی خەڵکەکەی رابگوازرێن بینیم ستەمێکی زۆرییان بەرامبەر دەکرێت، ژیانییان تاڵ بووە و بێ هیوان، ئەمە ساڵی 2010 و 2011.

* ئێستا کار لەسەر ئەو تارمییە دەکەن؟

بەڵێ، گوتییان دەبینە شیعە، گوتم ئەگەر بە بڕواوە دەبنە شیعە ئەمە ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەهۆی ترس و ستەم و داپڵۆسینەوە بێت، ئەمە بۆ هیچ کەسێک رێگەپێدراو نییە، گوتییان ناوەڵا بەهۆی ترسەوەیە، ئەمەم لە کەسایەتییەکان نەوەک کەسانی ئاسایی گوێ لێبوو، ئەمەیان کە بۆ باس کردم مەرج نییە بە کردەوە ئەنجامی بدەن، بەڵکو گەیاندنی پەیام بوو، لەوەی کە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بە مانای ئەوەی ئێمە گلەییمان لە ئێوەی سەرکردە هەیە، کە نەتانتوانی پارێزگاریمان لێبکەن، بۆیە کاتێک کۆمەڵگە دەگاتە ئەم ئاستە، بەبڕوای من وڵات وێران دەبێت، چیتر ئەو وڵاتە جوانە نابێت کە تیاییدا بژین.

* بەڕێز ساڵح، باست لە ساختەکاری کرد، ئایا بەرای تۆ ساختەکاری دەکرێت، وەک لە ساڵی 2018 روویدا، لەم هەڵبژاردنەی داهاتوو؟

من پێموایە با راستگۆبم، لەوانەیە ئەمجارە رێژەی ساختەکاری کەمتر بێت لەوەی لە 2018 روویدا، چونکە چاودێرانی نێودەوڵەتی هەن، ویستێکی راستەقینەی حکومەت هەیە، بۆ ئەوەی ساختەکاری روونەدات، بە بەڵگەی ئەوەی کارتی بایۆمەتری دروستکرا، بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی سنووردار کرا، بەشێوەیەک کە نەتوانرێت ساختەکاری بەهۆیەوە بکرێت، ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، ساختەکاری کەم دەبێت، بەڵام ئەوەی لە رۆژی هەڵبژاردن روودەدات، پێشبینییەکی دیاریکراوم نییە، واتە نازانم چی لە گواستنەوەی زانیارییەکان لە رێگەی مانگە دەستکردەکان روودەدات، یان چۆن کارتی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت، چونکە تا ئێستا کڕین و فرۆشتن بەم کارتانەوە دەکرێت.

* بەمەبەستی ساختەکاری؟

بەڵێ بە دڵنیاییەوە، تەنانەت ژنانیش دەچن کارتەکان دەکڕن، ئەمە ئەگەر ویستێک نەبێت بۆ بەکارهێنان، ئەستەمە بچن پارە لە کڕینیدا خەرج بکەن، کە هەست بکەن هیچ سوودێکی نییە، بۆیە بە دڵنیاییەوە پلان بۆ شتێک دادەنێن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ساختەکاری کەمتر دەبێت، لە قۆناخی رابردوو، من چۆن سەیری ساختەکاری دەکەم، باسی ساختەکاری رۆژی هەڵبژاردن دەکەم، سەرەتا لەرێگەی بەکارهێنانی پارەی گەندەڵییەوە دەبێت، لەوەی لەرێگەی پێدانی پارەوە کاندیدێک لە بەرژەوەندی خۆت پەلکێش بکەیت، تاوەکو بێتە ناو فراکسیۆنەکەتەوە، ئەمە ساختەکارییە لە پڕۆسەی دەنگدان، کاتێک پارەی سیاسی بۆ کڕینی خەڵک بەکاردێنیت، لە پێش و لە کاتی هەڵبژاردن، ئەمە ساختەکارییە، مەرج نیە تەنیا کارت ساختە بکەیت، بەڵکو ئەمە ساختەکاری لە کۆی پرۆسەکە، ئەمە هەلی یەکسان لە نێوان تۆ و بەرامبەرەکەت لەباردەبات، ئەوەی ئیمکانیاتی لەبەردەستدا نیە، یان نایەوێت ئەمە بکات.

* بەڕێز ساڵح دوا پرسیارم، پەیوەندییتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی، بەتایبەت سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە؟

پەیوەندی ئێمە چەندین ساڵەیە، پەیوەندی باش و رێزگرتنە، من وەک کەسێکی راستگۆ سەرۆک بارزانی دەبینم، منیش راستگۆم خۆشدەوێ، کەسێکی ئازایە، منیش کەسی ئازام خۆشدەوێ، پەیوەندی باشم لەگەڵیدا هەیە، هەرچەندە کەم یەکتر دەبینین، ماوەیەکی درێژە هەرێم و کەسایەتییەکانی هەرێمم نەبینیووە، بەڵام رێز لەو سیفەتانە دەگرم، هەروەها بۆ ئەوەی بۆ کوردستان کردوویانە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەبینیت، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق نایبینی، جیایە لە ناسرییە، لە سەماوە و دیوانییە و جیایە لە مووسڵ و سەڵاحەدین، دۆخەکە لەوێ جیاوازە، بەشێوەیەک کە هاووڵاتی ئەگەر تێبینیشی هەبێت، شتێکی ئەرێنی دەبینێت، کاتێک گلەیی لە کەموکوڕییەکان دەکات، لایەنە باشەکانیش دەبینێت، دێت دۆخەکە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشوور بەراورد دەکات، بۆیە پەیوەندی باش هەیە و بە باشی دەمێنێتەوە، پەنا بەخوا لە داهاتوودا بەرەو باشتریش دەچێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات و کاتێک وڵات باش بێت، هەرێمی کوردستانیش باش دەبێت، ئێمە لەسەرەتاشەوە گوتوومانە ئەگەر وڵات بکرێتە هەرێم لەسەر ئاستی پارێزگاکان لاریمان نییە، بەڵام ترسمان هەیە لە تۆخبوونەوەی تائیفییەت ئەگەر هەرێمی سوننە و شیعە بێتە ئاراوە، کاتێک پێشووتر پرسیارمان لە هاووڵاتی دەکرد، فیدڕاڵی و هەرێمەکانت دەوێت، سەدا 90ی خەڵک دژی بوون، لەسەر یەک نیشتمانی پەروەردە کرابوون، بەڵام کاتێک بینی ئەستەمە لەم یەک وڵاتییە تیایدا بژی، بیری لە شتێکی دیکە کردەوە، دووەم، ئەگەر بشتەوێت هەرێمێک دروست بکەیت، رێگەنادەن دروستی بکەیت، ململانێ و شەڕی لێدەکەوێتەوە، پێش ئەوە هەرێم دروست ببێت، چونکە ئەوانی دیکە بە ئیرادەیەکی ناوخۆیی کارناکەن، بەڵکو بە ویستی دەرەکی کاردەکەن، بەشێوەیەک کە سەنتەرێکی بڕیاردان لەو پارێزگایانە نەبێت و بڕیار بە دەستی خۆیان بێت، یان سەربەخۆبن لەوەی کێ بە ناوچاکانیاندا گوزەر دەکات، یاخود کۆنتڕۆڵی ئەمنی خۆیان بکەن، بۆیە ئەمە لەلای هەندێک کەس بووەتە خەون و لەوبڕوایەدا نین لەم دۆخەی ئێستا بێتەدی.

* بەڕێز ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی حیوار، زۆر سوپاس.

بەخێربێن خۆشحاڵ بووم.

ك.ب