بهغدا.. ساڵیادی خۆپیشاندانی ئۆکتۆبەر دهكرێتهوه
چالاکوانێك: شۆڕشەکەمان بەردەوامە و پاشەگەز نابینەوە تا داواکارییەکانمان بەدی نەهێنین

K24 - ههولێر:
لە یادی دوو ساڵەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ساڵی 2019 کە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران لە بەغدا و 12 شاری خوارووی عێراق رژانە نێو گۆڕەپانەکان و داوای دەستگیرکردنی بکوژان و ئازادکردنی دەستگیرکراو و بێسەر و شوێنەکانیان دەکرد. داوایان لە حکومەتی عێراقیش کرد ئاوڕی جدی لە بریندارەکان بداتەوە و هەموو گرووپە میلشیاکانیش لە سیستەمی حکومڕانی دووربخاتەوە.
گۆڕەپانی تەحریر، كه لە ناوەڕاستی بەغدایه، بە درێژایی مێژوەکەی ناوەندی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بووە دژ بە حکومەت و دەسەڵاتداران، خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019 گۆڕەپانی تەحریرهوه سەری هەڵدا و 13 پارێزگای عێراقی گرتەوە، بۆ ماوەی یەک ساڵیش بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران دیسانەوە لە نێو گۆڕەپانی تەحریر یادی دوو ساڵەی ئەو خۆپیشاندانە دەکەنەوە و پێیان وایە زۆربەی ئامانجەکانی نەپێکاوە.
عەباس سوڵتان، كه چالاکوانه، گوتی: "ئێمە پێیان دەڵێین شۆڕشەکەمان بەردەوامە، داواکاریەکانیشمان وەک خۆی ماوە، پاشەگەزیش نابینەوە تا داواکارییەکانمان بەدی نەهێنین، داواکارییە بنەڕەتیەکەشمان روونە، کە روخانی تەواوی دەسەڵاتە و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانییە، ئەم هەڵبژاردنەش رەتدەکەینەوە و پێیمان وایە شەرعی نییە، چونکە گۆڕنکاری تێدا نییە و هەمان دەموچاون".
ئهگەرچی لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەران حکومەتەکەی "عادل عەبدولمەهدی" هەڵوەشایەوە و پەرلەمانی عێراق بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختهی پەسەندکرد، بەڵام دەستگیرکردنی بکوژان و سەرکوتکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران لە ئەستۆی حکومەتی عێراقی ماوەتەوە، بۆیە ئەمە وای کردووە لە هەر ئان و ساتێک هاووڵاتیان بڕژێنەوە سەر شەقام.
عیماد رەحیم چالاکەوانێكی دیكهیه، ئاماژهی بهوه كرد، ئەمڕۆ هاتووین بۆ خوێنی شەهیدەکانمان پەیمان تازە بکەینەوە، بریندارەکان پێیان دەڵێین ئێمە بەرداوامین لە چاکسازی و راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و رێککردنەوەی ئاراستەکەی، داواکاریەکانیش روونن، کردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی و ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندانەکان و دانانی سەرۆک وەزیرانێکی بەهێزە".
لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یهكهمی ساڵی 2019، کە تا تشرینی یهكهمی 2020 بەردەوام بوو، چەندین رووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی و پشێوی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی تێدا تۆمارکرا، چونکە دەستی گرووپە میلشیاکانی لە پشتەوە بوو، لە ئاکامیشدا زیاتر لە ههزار خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان کوژران، هەروەها 24 هەزار هاووڵاتی و چالاكوان و پزیشک و دەیان پۆلیس و ئەوانەی لە رێزی هێزە ئەمنییەکانیشن برینداربوون، ئەمە جگە رفاندن و کوشتنی چالاکوانەکان و دەستگیرکردنیان لە دەرەوەی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان.
د.ی