گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی: پڕۆسه‌ی ده‌نگدان به‌خاوی به‌ڕێوه ده‌چێت
"له كاتی وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆردا، پێشمه‌رگه‌كان كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت"
K24 – هه‌ولێر:
عه‌مید دیده‌وان خورشید، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی، له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، بۆ ده‌نگدانی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك دابین كراوه، كه له هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌توانرێت (2100 تا 2500) كه‌س ده‌نگ بده‌ن.
راشیگه‌یاند، هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك له (5) وێستگه‌ی ده‌نگدان پێكهاتووه، كه هه‌ر وێستگه‌یه‌ك (420) زێره‌ڤانی ده‌نگی لێوه ده‌دات، پڕۆسه‌كه زۆر به خاوی به‌ڕێوه ده‌چێت.
روونیكرده‌وه، هه‌ر كاتێك پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ ده‌نگدان ده‌چێته ژووره‌وه، له ئامێری دڵنیاكردنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت، كاتێك نایخوێنێته‌وه.
ئاماژه‌یپێكرد، له كاتی وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆردا، هه‌مدیس پێشمه‌رگه‌كان كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت و دووباره به بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بدات، دێته ده‌ره‌وه.
جه‌ختیكرده‌وه، كاتی وردبینی كردن له ناسنامه‌دا، كێشه بۆ زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌كانمان دروست بووه، یاخوود پێشتر كۆمیسیۆن رازی نه‌بووه كه ناسنامه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كاتی ده‌نگدان به‌كار بهێنرێت، له ئێستادا ره‌زامه‌ندی داوه، بۆیه پڕۆسه‌كه به‌خاوی به‌ڕێوه ده‌چێت.