ئه‌میرخان موته‌قی: له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له ده‌وحه كۆبووینه‌وه
"دوای دیداره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌وحه، گفتوگۆكان له‌نێوانی كابول و واشنتن تا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه (10ـی تشرینی یه‌كه‌م) به‌رده‌وام ده‌بێت"

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌میرخان موته‌قی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تاڵیبان، ئاماژه‌یپێكرد، كه له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكا له ده‌وحه كۆبوونه‌ته‌وه، بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له نێوان كابول و واشنتن.
موته‌قی رایگه‌یاند، له‌و دیداره‌دا جه‌ختكرایه‌وه سه‌ر به‌رده‌وامبوونی هاوكارییه مرۆییه‌كان بۆ ئه‌فغانستان، دا‌واشیان له ئه‌مه‌ریكا كردووه كه رێز له سه‌روه‌ری زه‌وی و ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان بگرن و ده‌ست له‌كاروباری ئه‌فغانستان وه‌رنه‌ده‌ن.
روونیكرده‌وه، دوای دیداره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌وحه، گفتوگۆكان له‌نێوانی كابول و واشنتن تا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه (10ـی تشرینی یه‌كه‌م) به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئاماژه‌یپێكرد، دوای ئه‌مه شاندی تاڵیبان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆ ده‌بێته‌وه، بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی پێشهاته‌كانی ناوخۆی ئه‌فغانستان.
گفتوگۆكانی نێوان تاڵیبان و ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، كه یه‌كه‌مه‌ین دیداری فه‌رمییه له نێوانی واشنتن و كابول له‌وه‌ته‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان.
شاندی ئه‌فغانستان پێكهاتووه له ئه‌میرخان موته‌قی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵیبان و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌واڵگری و سه‌ربازی.
روونیكرده‌وه، گفتوگۆكانی جه‌ختی له هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌ی سه‌ر پاره دهستبهركراوهكانی تاڵیبان له بانكه‌كانی جیهان كردووه‌ته‌وه، دواتر داننان به حكومه‌ته‌كه‌یان.
شاندی ئه‌مه‌ریكا پێكهاتوون له به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هه‌واڵگری و ئاژانسی په‌ره‌پێدانی نێو ده‌وڵه‌تی.