هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دوایاریی خۆی له‌ جامی كۆنیفا ئه‌نجامدا

تووشی سێیه‌مین شكست بوو، به‌ پله‌ی هه‌شته‌م ڕازی بوو

هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان دوایین یاریی خۆی له‌ جامی كۆنیفای 2016 ئه‌نجامدا و بۆ سێیه‌مین یاریی له‌سه‌ریه‌ك به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ دۆڕا.

هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی ئه‌بخازیا رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای یه‌كگرتووه‌كانی ژاپۆن بووه‌وه‌، كاتی ئاسایی یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك بۆ هه‌ر لایه‌كیان كۆتایی هات، كه‌ تێدایه‌ تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی كوردستان عه‌بدوڵڵا كه‌یفی له‌ خوله‌كی 80 تۆماری كرد، دواتر به‌لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر خاڵی سزا هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دۆڕا و پله‌ی هه‌شته‌می پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

پاڵه‌وانییه‌تیی جامی كۆنیفای 2016، به‌ به‌شداریی 12 هه‌رێم، له‌ ئه‌بخازیای سه‌ر به‌ وڵاتی رووسیا له‌ 28 ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ رۆژی 5ـی ئه‌م مانگه كه‌ ده‌كاته‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌‌ كۆتایی دێت.